یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمارکرا

test
شاری دهۆک.

یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک گیانیلەدەستدا کە ژنێکی تەمەن 45 ساڵە و دانیشتووی شیلادزێیە، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "ئەو ژنە خاوەن و بەرکەوتەی ئاژەڵ بووە".

نەخۆشەکە رۆژی حەوتـی ئایار لە نەخۆشخانەی ئاکرێوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک کراوە و بە گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون پشکنینەکانی رەوانەی بەغداد کراون و ئێوارەی رۆژی 9ـی ئەم مانگە پشکنینەکانی گەڕاونەتەوە کە تووشبووی نەخۆشییەکە بووە.

مەتین جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆك حاڵەتی گیانلەدەستدانەکەی بۆ كەناڵ8 پشتراستکردەوە و ئاماژەی بەوەشكرد، لە نەخۆشخانەکانی دهۆکدا هیچ حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە.

هەروەها وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تووشبووەکە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەیەکی شاری دهۆک بەهۆی بوونی نیشانەکانی خوێنبەربوون و خراپی دۆخی تەندروستییەوە وەکو یەکەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوون گیانیلەدەستدا.
هاوکات سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بەکەناڵ8ـی راگەیاند، ئەو ژنەی گیانیلەدەستداوە ئاژەڵدارن و بەرکەوتەی ئاژەڵ بووە.

یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان رۆژی 2ـی ئایار لە کۆیە تۆمارکرا و لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەو کەسەوە سەرکار سورچی بەکەناڵ8ـشی گوت، دۆخی تەندروستی باشە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون وەزارەتەکانی تەندروستی و کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی مانگێکە هەڵمەتێکی بەرەنگاربوونەوەی بەرفراوانیان لە شار و شارۆچکەکان راگەیاندووە.

لەسەر ئاستی عێراق تاوەکو ئێستا 54 حاڵەت تۆمارکراون و هەشتیان گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە پێنج تووشبوویان لە کەرکوک بوون کە چواریان گیانیان لەدەستداوە، تەندروستیی کەرکوک دەڵێت. "لە ئێستادا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشییەکە لە کەرکوکدا نییە".

گوتەبێژی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون رایگەیاندوو، پەتای خوێنبەربوون لە رێگەی دەستلێدان و بەرکەوتنەوە دەگوازێتەوە و بەهیچ شێوەیەک لە رێگەی هەناسەدان و هەواوە ناگوازرێتەوە.

loading....