لە لوڕستان هەشت ئەندامى خێزانێک لە بیرێکدا گیانیان لەدەستدا

لە سنوورى پارێزگاى لوڕستانى رۆژهەڵاتى کوردستان، حەوت ئەندامى خێزانێک بەمەبەستى رزگارکردنى ئەندامێکى دیکەى خێزانەکەیان چوونەتە ناو بیرێکى کشتوکاڵییەوە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، رووداوەکە لە ناوچەى کۆهنانی سەربە شارى کۆهداشت روویداوە، پاش ئەوەى گەنجێک کەوتووەتە ناو بیرێکى کشتوکاڵییەوە، یەکێکى دیکە لە ئەندامانى خێزانەکە بەمەبەستى رزگارکردنى گەنجەکە چووەتە ناو بیرەکە، بەڵام ئەویش گیریخواردووە و یەک لە دواى یەک ئەندامانى دیکەى خێزانەکە چوون بەدوایدا و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوتەى موراد ناسری، قایمقامی کۆهداشت، لە رووداوەکەدا هەشت ئەندامى یەک خێزان لەو بیرەدا گیانیان لەدەستداوە.
قایمقامی کۆهداشت، ئاماژەى بەوەشکردووە، پاش رووداوەکە، تیمەکانى بەرگریى شارستانى رەوانەى شوێنى رووداوەکە کراون بەمەبەستى دەرهێنانەوەى تەرمەکان و دەرکەوتووە ئەو بیرەى کە تەرمەکانى تێدابووە، غازى تێدا بووە.
قایمقامی کۆهداشت گوتیشى، توراج مورادی، ئیرەج مورادی، یوسف مورادی، ساسان مورادی، ئیرەج کازمیان، یونس مەلەکی، یوسف مەلەکی و فەتحوڵا باغری، لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەى راپۆرتی ئاژانسى هەواڵى ئیرنای فەرمیی ئێران، سەرەتا منداڵێک کەوتووەتە ناو بیرەکەوە، دواتر باوکی و براکەی و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی چوونەتە ناو بیرەکەوە بۆ ئەوەی رزگاری بکەن و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.