سودانی: هانی بەشداریی فراوانی گەنجان لە هەڵبژاردنەکان دەدەین

test
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق هانی بەشداریی فراوانی گەنجان دەدات لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لێدوانەکەی سودانی لەکاتێکدایە، لەکۆی 29 ملیۆن دەنگدەر، 19 ملیۆنیان لە توێژی گەنجانن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداریی لە رێوڕەسمێکدا کردووە کە بۆ گەنجان لە بەغداد رێکخرابوو بە مەبەستی هاندانیان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

سودانی رایگەیاندووە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر نووسینەوەی نەخشەى ئێستا و داهاتووی عێراق، گرنگیی پرۆسەکەشی بەپێویست زانیوە بەوپێیەی بنەمای سەرەکیی بەردەوامیی سیستمی سیاسییە لە وڵاتەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سودانی ئەوەی خستووەتەڕوو، بەشێک لەو جەماوەرەى هەڵبژاردنی بایکۆت کردبوو، پاشگەزبووەتەوە و گوتارەکانیان لەبەرامبەر پرۆسەى سیاسى گۆڕاوە.

هاوکات سودانی جەختیکردووەتەوە لە نوێکردنەوەی تۆماری زانیاریی گەنجان بەگوتەی خۆی "گەنجان سەرکردەی گۆڕانکارین و بەشدارییان هاوکێشەکان دەگۆڕێت و گرەنتی لە گەشەپێدان و پێشکەوتنی زیاتر دەکات".

9ـی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاریدا بە دیاریکردنی رۆژی 11ـی تشرینی دووەم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

loading....