هاوپەیمانان بەردەوامن لە ناردنى کەرەستەى سەربازى بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا

test

لەماوەی 10 رۆژدا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 150 بارهەڵگر کەرەستە و پێداویستیی سەربازى گەیاندووەتە بنکە و بارەگاکانی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە پتەوکردنی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لەرێگەی ئەو مەشق و مانۆڕانەی لە بنکە ستراتیجییەکانی دەیکات سەرەڕای ئەوەی بەردەوام بارهەڵگرەکانی کەرەستەی سەربازیی دەگەیەننە سووریا.

روانگەکە دەشڵێت، تەنیا لەماوەی 10 رۆژدا، لە یەکى ئایارەوە تاوەکو ئەمڕۆ (10ـی ئایار) 149 بارهەڵگر گەیشتووەتە بنکەکانی هاوپەیمانان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هاوکات بەشێک لەو بارهەڵگرانە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەیەندراونەتە بنکەکانی هاوپەیمانان.

ئەوەشهاتووە، ئەو بارهەڵگرانە بە پاڵپشتیی هەلیکۆپتەرەکان گەیشتوونەتە شوێنی خۆیان و پێکهاتوون لە کەرەستەی قورسی سەربازی، سیستمی چاودێریی پێشکەوتوو، زرێپۆش و دەیان کەرەستە و هاوکاریی دیکەی سەربازی، لۆجستی، پزیشکی، جگە لە دوو فڕۆکەی دیکەی بارهەهەڵگر.