تەقاندنی پشت و مل ئەم گرفتانە دروستدەکات

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. عەبدوڵا کەمال لهۆنی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و جومگە و شکاوی، باسی لە جیاوازییەکانی نێوان تەقاندنی جومگەی پەلەکان لەگەڵ تەقاندنی پشت و مل کرد و مەترسییەکانی خستەڕوو.
سەرەتا پسپۆڕەکە باسی لە تەقاندنی پەنجەکان یان جومگەکانی پەلەکان کرد و گوتی "زۆرجار زۆر کەس بەتایبەتی کاتێک سترێسیان هەیە، پەنجەکانی دەستیان یان پێیەکانیان دەتەقێنن، لە راستیدا ئەمە هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی لەسەر جومگە، بەستەر و ماسولکەکان دروست ناکات، بەڵام بە مەرجێک کەسەکە فشارێکی زۆر نەخاتە سەریان یان کەسێکی دیکە بە توندی بۆیان نەتەقێنێت".
سەبارەت بە تەقاندنی پشت و مل پزیشکەکە هۆشداریدا و گوتی "ئێستا بووە بە دیاردەیەکی باو کە خەڵکی لای هەندێک کەسی ناشارەزە پشت و ملیان بۆ دەتەقێنرێت، بەجۆرێک هەندێجار هەڵدەواسرێن، راست و چەپیان پێدەکرێت و ملیان رادەکێشرێت، ئەم جۆرەی تەقاندن زیانێکی زۆر بە تەندروستیی کەسەکە دەگەیەنێت بەتایبەتیش تەندروستیی بڕبڕەکانی پشت و مل. ئەم جۆرە تەقاندنە هەندێجار دەبێتەهۆی تەقینی دیسکی نێوان بڕبڕەکان، ئەمەش فشارێکی زۆر لەسەر دڕکەپەتک یان دەمارەکانی کەسەکە دادەنێت و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی کەسەکە دەبێت، بەجۆرێک لەوانەیە کەسەکە پەلێکی لەدەست بدات یان بە بەردەوامی سڕ ببێت".
"هەندێجار چارەخوازمان بینیوە بەهۆی تەقاندنی مل و پشتییەوە توانای کۆنترۆڵکردنی میز و پیساییکردنی لەدەستداوە".
پزیشکەکە باسیشی لەوە کرد کە هەندێجار هێندە دۆخی کەسەکە تێکدەچێت، کە پێویستە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا نەشتەرگەریی خێرای بۆ بکرێت، ئەگەر نا چارەخوازەکە ناتوانێت هەڵسێتەوە سەر پێیەکانی خۆی.
"لە جیاتی تەقاندنی پشت و مل، پێویستە گرنگی بە وەرزش بدرێت بەتایبەتیش کشانی ماسولکەکان، دەکرێت ئەم جۆرە کشانە لەلای کەسانی شارەزای چارەسەری سروشتی بکرێت، یان سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ ئەوەی رێنمایی و جۆری تایبەتی وەرزش بۆ ئەم کەسانە دیاریبکرێت".