کەمال رەئوف: بارهەڵگرەکان بە سێڵى گومرگى داخڵى ناوەڕاست و خوارووى عێراق دەبن

کەمال رەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، لەگەڵ حکومەتى عێراق رێککەوتووین لە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو واتا لە 12ـى ئایارەوە بارهەڵگرەکان بە سێڵى گومرگى داخڵى خواروو، ناوەڕاستى عێراق ببن.
کەمال رەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند، رێککەوتنمان کردووە و بۆ ئەم قۆناغە جێگیر دەبێت، کە تاوەکو 11ـى ئایار بارهەڵگرەکان بەبێ سێڵى گومرگی دەتوانن بارەکانیان بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق بگوازنەوە، بەڵام لە رۆژى 12ـى ئایارەوە بارهەڵگرەکان پێویستە سێڵى گومرگییان هەبێت".
گوتیشى، "ئەو سێڵى گومرگییە وەک سیم و قوفڵێک وایە کە ژمارەى خۆى لەسەرە، وەک سیمى کاتژمێرى کارەبا وایە و لە گەنجینەکانى گشتیى گومرگى هەرێمى کوردستان دەیدەین بە بارهەڵگرەکان".
ناوبراو باسى لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ئەو سێڵە گومرگییە بێبەرامبەرە، بەڵام لە داهاتوو دەکرێت بە پارە، چونکە وەکو سێڵى ترانزێت وایە و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەیکڕێت.
کەمال رەئوف باسى لەوەشکرد، دوایین شوێن کە بارهەڵگرى کاڵاکانی دەگاتێ، دەتوانن ئەو سێڵە گومرگییە بکەنەوە، واتا تاوەکو دەگاتە شوێنى خۆى، نابێت ئەو سێڵە گومرگییە بکرێتەوە.
بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگى هەرێمى کوردستان، ئەوەشى خستەڕوو، بە هەزاران بارهەڵگر لە گومرگى ئیبراهیم خەلیل چاوەڕوانن، چونکە لەماوەى دوو هەفتەى رابردوودا گرفت هەبووە و نەتوانرابوو بارەکان بگەنە ناوەڕاست و خوارووى عێراق.
ئەمە لەکاتێکدایە، حکومەتى عێراق داوایکردبوو سەرجەم بارهەڵگرەکان سێڵى گومرگییان بۆ بکرێت، ئەوکات رێگەیان پێدەدرێت، کاڵا و پێداویستییەکان بگوازنەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق کە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن.