هۆکارەکانی ئازاری بەردەوامی شان چین؟

گران جاف 11/05/2025
test
د. عەبدوڵا کەمال لهۆنی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و جومگە و شکاوی

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. عەبدوڵا کەمال لهۆنی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و جومگە و شکاوی، باسی لە هۆکارەکانی ئازاری بەردەوامی شانەکان کرد و بە گرنگییەوە باسی لەو جۆرە ئازارەش کرد کە سەرچاوەکەی شان نییە.

جومگەی شان، جومگەیەکی زۆر ئاڵۆزە و لە دوو پێکهاتەی سەرەکیی شێوە تۆپ و فنجانە پێکهاتووە، هاوکات لە چەندین بەستەر، ماسولکە، ژێماسولکە و لینجەشانەش پێکهاتووە، هەر گرفتێک لە هەریەکێک لەم پێکهاتانەدا دروستببێت، دەبێتەهۆی ئازاری شان.

ئازاری شانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە و لە تەمەنێکەوە بۆ تەمەنێکی دیکەش دەگۆڕرێت، بە گشتی ئەو کەسانەی وەرزشوانن یان کاری قورس دەکەن، زیاتر دووچاری کوتران و برینداربوونی ماسولکە، بەستەر و ژێیەکان دەبنەوە، ئەمەش هەندێجار دەبێتەهۆی دڕان و برینداربوونی ژێماسولکەکان و لە ئەنجامدا ئازارێکی زۆر دروستدەکات و ماوەیەکی زۆریشی دەوێت بۆ چاکبوونەوە.

 سەبارەت بەو کەسانەی کە کارەکانیان وا دەخوازێت دەستیان زۆر بەرزبکەنەوە، زیاتر دووچاری هەوکردنی کیسی لینجی جومگەی شان دەبن، ئەمەش بەهۆی بەرکەوتنی دوو ئێسکەکەوە روودەدات و ئازارێکی زۆر بۆ کەسەکە دروستدەکات.

بەدەر لەم هۆکارانە، لە هەندێک نەخۆشیشدا جومگەکە رەقدەبێت، بەتایبەتی لە کەسانی بەتەمەن و تووشبووی چەند نەخۆشییەکی وەکو شەکرە و غوددەدا، ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە کەپسولی شانی ئەم کەسانە ئەستوور و رەقدەبێت، جوڵەیان کەمدەکاتەوە و ئازاریان بۆ دروستدەکات.

هاوشێوەی سەوەفانی ئەژنۆ و حەوز، دەکرێت جومگەی شانیش تووشی داخورانی ئێسک و کڕکڕاگەی جومگەکە ببێت و ئازارێکی زۆر بۆ کەسەکە دروست بکات.

ئازاری گوازراوەی شان چییە؟

هەندێک جۆری ئازاری شان هەن کە گوازراوەن، واتە راستە ئازارەکە لە شاندایە، بەڵام هۆکاری ئازارەکە جومگەی شان نییە بەڵکو دەکرێت هۆکارەکە دڵ، بڕبڕەی مل، نەخۆشییەکانی سنگ و ئازاری بەردی زراو بێت.

هەربۆیە ئەگەر ئازاری شان بەم شێوازانەی خوارەوە بوو، نابێت پشتگوێبخرێت:

  • ئەگەر ئازارەکە توند و کتوپڕ بوو
  • کەسەکە لەگەڵ ئازارەکەدا هەستی بە ماندووبوونی زۆر کرد
  • ئەگەر کەسەکە هەناسەتوندیی لەگەڵ بوو
11/05/2025