73 کۆچبەر لە ئاوە هەرێمییەکانى نێوان یۆنان و ئیتاڵیا گیریانخواردووە

73کۆچبەر کە 43 يان کوردن و 23 کەسیان خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستانن و 20 یان هاونیشتمانیى هەرێمى کوردستانن، لە سنووری ئاویی نێوان یۆنان و ئیتاڵیا گیریانخواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن.
رەنج پشدەری، چالاکوانی بواری پەنابەران لە ئەوروپا بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ماوەى دوو رۆژە 73 کۆچبەر بەڕێکەوتوون لە ئاوە هەرێمییەکانى نێوان یۆنان و ئیتاڵیا و کاپتنەکەیان بەجێى هێشتوون و گیریانخواردووە و داوا دەکەن پۆلیسی ئیتاڵیا بەهانایانەوە بچێت.
رەنج پشدەری، ئاماژەى بەوەشکرد، لەو ژمارە کۆچبەرە 43 کەسیان کوردن، 23 یان خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستانن و 20 یان دانیشتووى هەرێمى کوردستانن و خەڵکى سنوورى ئیدارەى راپەڕینن لە هەرێمى کوردستان.
هاوکات، ئەوەشى روونکردەوە ئەوان رێکخراوە فریاگوزارییەکانى یۆنانیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام قورسە بچن بەدەمیانەوە و تاکە چانس کە هەیانبێت، کەشتى و یەختێکی گەورەیە کە بەو ناوچەیەدا تێپەڕببێت و رزگاریان بکات.
بەگوێرەى ئامار، لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵى 2024دا، 37 هەزار و 163 کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە دوورگەکانی یۆنان و دەریای ئیجە.
پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەرى کۆمەڵەى پەنابەرە گەڕاوەکانیش دەڵێت: لەو ژمارەیە زیاتر لە 900 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 370 کۆچبەریش بێسەروشوێنن.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 10ـی شوبات، هەزار و 554 کۆچبەر بە کەناڵەکەدا تێپەڕبوون، جگە لەوەی تەنیا لە ساڵی 2024ـدا 36 هەزار و 816 کەس بەو کەناڵەدا تێپەڕیوە و بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2024ـدا لانیکەم 78 کۆچبەر لەو رێگەیە گیانیان لەدەستداوە.