ترەمپ ئاگربەستی نێوان هیندستان و پاکستانی راگەیاند

سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان هیندستان و پاکستانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، هەردوو وڵات ژیرانە بڕیاریاندا گرژییەکان رابگرن.
ئەمڕۆ شەممە (10ی ئایاری 2025) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی، ئاگربەستی سەرتاسەریی نێوان هیندستان و پاکستان هەر ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
ترەمپ لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی نووسیویەتی، لە پاش شەوێکی درێژ لە گفتوگۆ، بەنێوەندگیریی ئەمریکا، خۆشحاڵم بە راگەیاندنی ئاگربەستێکی سەرتاسەری لەنێوان هیندستان و پاکستان کە هەر ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
لە کۆتاییدا ترەمپ پیرۆزبایی لە هەردوو وڵات کرد، کە بەشێوەیەکی ژیرانە بڕیاریان لەسەر بابەتەکە داوە و کۆتاییان بە گرژییەکانی نێوانیان هێناوە.
رۆژی 22ـی نيسان گرووپێکی چەکداریی هێرشيان کردە سەر بەشە هيندييەکەی هەرێمی کشمير، بەهۆيەوە 26 کەس کوژران، هيندستان؛ پاکستانی بە پاڵپشتيکردنی ئەو گرووپە چەکدارييە تۆمەتبار کرد و ئيسلام ئابادیش رەتيکردەوە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا، ناکۆکييەکان لەسەر ئەو پرسە گەيشتنە ئاستێک، هەردوو وڵات لەسەر سنوور هێرشیان کردەسەر یەکدی، لە هەردوو وڵات کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، کە تاوەکو پێش راگەیاندنی ئاگربەست، 66 کەس لە هەردوولا کوژران.
راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە لەکاتێکدایە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی پاکستان داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی دەستەی فەرماندەیی نیشتمانی کردووە کە دەستەی باڵای ئەتۆمییە و دەسەڵاتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە.
ئەم داوایەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، وڵاتەکەی هێرشی پێچەوانەی کردەسەر چەند ناوچەیەکی هیندستان و وێستگەیەکی دروستکردنی موشەک لە باکووری ئەو وڵاتە کردە ئامانج و هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانیشی لەرێگەی درۆنەوە ئەنجامدا بۆسەر سنوورەکانی رۆژئاوای وڵاتەکەیان.