10ـی ئایار و یەک رۆژ بەبێ پێڵاو

"یەک رۆژ بێ پێڵاو" هەموو ساڵێک لە 10ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت، بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی خەڵک، کە چۆن بە هەبوون و نەبوونی پێڵاو، کاریگەریی لەسەر ژیانی منداڵ دروستدەکات.
بۆ هەندێک کەس پێڵاو شتێکی ئەوتۆ نییە، تەنها پێداویستییەکی دیکەی بنەڕەتییە کە مرۆڤ هەمیشە توانای کڕینی هەیە، بەڵام بۆ کەسانی دیکە، پێڵاو دەتوانێت شتێکی گەورە بێت، شتێک کە بەزەحمەت توانای کڕینیان هەیە.
ملیۆنان منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا بەختی ئەوەیان نییە پێڵاویان هەبێت بۆ پاراستنی پێیەکانیان، رۆژی یەک رۆژ بەبێ پێڵاو بۆ ئێمەیە، کە بەشداریی ئەزموونی تێپەڕاندنی رۆژەکە بەبێ پێڵاو بکەین، کە بەشداربووانی چالاکییەکانی ئەم رۆژە، بەبێ پێڵاو رێدەکەن و تا ئەو ئەزموونە بکەن کە لە هەمان کاتدا هانی خەڵکی بدەن بۆ بەشداریی کردن لە کەمپینەکانی ئەم رۆژەدا.

یەک رۆژ بەبێ پێڵاو چۆن سەری هەڵدا؟
چیرۆکی One Day Without Shoes لە ساڵی 2007 لەلایەن کۆمپانیای (تۆمس شوزەوە) دەستی پێکرد، کاتێک بلیک میکۆسکی دامەزرێنەری کۆمپانیاکە لە ساڵی 2006 بۆ پشوویەک دەچێتە ئەرجەنتین، لەوێ ئاشنای ژنێکی دەبێت، کە وەک کارێکی خێرخوازی پێڵاو دەگەیەنێتە منداڵان و دواتر ئەو ژنە پێشنیاری یارمەتیدانی لە میکۆسکی کرد.
میکۆسکی لەو گەشتەیدا لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا ئەوەی دەبینی، کە زۆرێک لە منداڵەکان پێ پەتی بوون، کاتێک زانی کەمی پێڵاو کێشەیەکی بەرچاوە لە ئەرجەنتین، بیرۆکەیەکی بۆ کۆمپانیاکەى هێنایە ئاراوە، دواجار بڕیاریدا پێڵاوی سادەی (کانڤاسی) بە مۆدێلی بازرگانی "یەک بۆ یەک" پەرەپێبدات، بەشێوازی "یەکێک بکڕە، یەکێکیان ببەخشە" دەستبەفرۆشتنیان بکات.
بۆ هەر جووتێک پێڵاو کە دەفرۆشرا، کۆمپانیاکە جووتێک پێڵاوی نوێی بە خۆڕایی دەدا بە منداڵان و گەنجانی ئەرجەنتین و وڵاتانی دیکەی هاوشێوەی ئەرجەنتین، لە ساڵی 2006دا، 10 هەزار جووت پێڵاو فرۆشرا و لە مانگی تشرینی یەکەمدا کۆمپانیاکە یەکەم بڕی 10 هەزار جووت پێڵاوی بێبەرامبەری لە ئەرجەنتین دابەشکرد.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی دواتردا بڕێكی دیکە بە منداڵانی باشووری ئەفریقا بەخشرا، لە مانگی نیسانی ساڵی 2009ەوە 140 هەزار جووت پێڵاو لە وڵاتانی ئەرجەنتین، ئەسیوپیا، باشووری ئەفریقا و ئەمریکا دابەشکرابوون، تاوەکو ساڵی 2012 کۆمپانیاکە زیاتر لە یەک ملیۆن جووتی لە 40 وڵاتدا بەخشی بوو.
جگە لەم چیرۆکەی رۆژێک بەبێ پێلاو، دەتوانرێت بگوترێت یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دیاریکردنی ئەمڕۆژە ئەوەیە، کە نەبوونی پێڵاو دەتوانێت ببێتە پرسێکی مرۆیی، چونکە دەکرێت مەترسی تووشبوون و نەخۆشی لێیەوە بۆ منداڵان و تەنانەت گەورەکانیش سەرهەڵبدات، لەوانە نەخۆشی: هەوکردنی پێستی پێ کە بە پۆدۆکۆنیۆسیس ناسراوە، هەر بۆیە پێڵاو دەتوانێت ببێتە رێکارێکی خۆپارێزی ئەم نەخۆشییە و دەیانی دیکە.
بەکارهێنانی بەردەوامی پێڵاو و گرنگیدان بە پاکوخاوێنی پێ دەتوانێت رێگری بکات لە نەخۆشی و لە هەمانکاتدا لەم رۆژەدا دەتوانێت دڵی دەیان منداڵی پێخاوس خۆش بکات.
