مایکرۆسۆفت رێگەنادات کارمەندەکانی دیپسیک بەکاربهێنن

سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، بەهۆی ئەو نیگەرانی و پڕوپاگەندانەی لەبارەی چاتبۆتی دیپسیکی چین هەیە، رێگە بە کارمەندانی مایکرۆسۆفت نادرێت چاتبۆتەکە بەکاربهێنن.
براد سمیس، سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکادا گوتی:" لە مایکرۆسۆفت رێگە بە کارمەندەکانمان نادەین ئەپی دیپسیک بەکاربهێنن".
سەرۆکی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەو نیگەرانییانەی لەبارەی دیپسیکەوە هەیە، تاوەکو ئێستا ئەپی دیپسیکی نەخستووەتە ناو فرۆشگای ئەپڵیکەیشنەکانی مایکرۆسۆفتەوە.
زۆرێک لە رێکخراوەکان و تەنانەت وڵاتان، سنووردارکردنیان بەسەر کۆمپانیای دیپسیکدا سەپاندووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە، مایکرۆسۆفت بە شێوەیەکی ئاشکرا باس لە قەدەغەکردنی چاتبۆتەکە بکات.
سمیس گوتیشی، سنووردارکردنەکە لەو مەترسییەوە سەرچاوە دەگرێت کە داتای بەکارهێنەران لە چین هەڵبگیرێن و وەڵامەکانی دیپسیک دەتوانن لە ژێر کاریگەری "پڕوپاگەندەی چینی"دا بن.
لە سیاسەتی پاراستنی نهێنیی دیپسیکدا هاتووە، زانیارییەکانی بەکارهێنەر لەسەر سێرڤەرە چینییەکان هەڵدەگیرێن، بەگوێرەی یاساکانی چین، ئەگەر داوایان لێبکرێت، کۆمپانیاکان دەبێت هاوکاری دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکە بکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە، کۆمپانیای دیپسیک بە توندی ئەو بابەتانە سانسۆر دەکات کە لەلایەن حکومەتی چینەوە بە هەستیار دادەنرێن.
سەرەڕای لێدوانە رەخنەئامێزەکانی سمیس سەبارەت بە دیپسیک، مایکرۆسۆفت مۆدێلی R1ـی دیپسیک لە خزمەتگوزاری کڵاودەکەیدا بەکاردەهێنێت، بەڵام ئەم بابەتە هەندێک جیاوازە لە بەکارهێنانی چاتبۆتەکە خۆی.