گۆڕانکارییە ئاسایی و نائاساییەکانی دەردراوی زێی خانمان کامانەن؟

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. ڤیان سەعدی شێخانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، باسی لە گۆڕانکارییە ئاساییەکانی دەردراوی زێی خانمان کرد و ئەو نیشانە نائاساییانەشی خستەڕوو کە دەکرێت بەهۆی نەخۆشی و هەوکردنەوە دەربکەون.
بە شێوازێکی ئاسایی و سروشتی، لە تەمەنی زاوزێی خانماندا، دەردراوی زێ هەیە و بەگوێرەی رۆژەکانی سووڕی مانگانە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بۆ نموونە پاش پاکبوونەوە لە سووڕی مانگانە دەردراوەکە کەمە پاشان وردەوردە زیاددەکات و لە نیوەی دووەمی مانگەکەدا، واتە پاش هێلکەدابەزین، لینجەماددەیەکی زۆر و خەست دروستدەبێت، ئەم لینجەماددەیە لە پیتاندنی هێلکە و دروستبوونی منداڵدا سوودی هەیە، دەردراوەکە خۆی رەنگی سپییە و پاش ماوەیەک لەسەر جلوبەرگ رەنگەکەی دەگۆڕرێت بۆ زەرد و هەموو ئەمانەش ئاسایین.
لە چ کاتێکدا ئەم دەردراوە ئاسایی نییە؟
ئەگەر دەردراوەکە رەنگی بۆ سەوز یان قاوەیی گۆڕا، ئاسایی نییە و پێویستە خانمەکە گرنگیی پێبدات، هەروەها ئەگەر لەگەڵ دەردراوەکەدا خانمەکە تووشی ئازار، خوران و سووتانەوەی ناو زێ ببێت، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات، چونکە لەم کاتەدا بە ئەگەری زۆرەوە هۆکارەکە هەوکردنە جا هەوکردنەکە بەهۆی هەر میکرۆبێکی وەکو بەکتریا یان ڤایرۆسەوە بێت، ئەوە پشکنینە پزیشکییەکان و نیشانەکان دەریدەخەن
خانمان پێویستە گرنگی بە چ جۆرە پشکنینێک بدەن؟
پسپۆڕەکە بە گرنگییەوە باسی لە پشکنینی ملی منداڵدان کرد و گوتی "ئەم پشکنینە پشکنینێکی پێشوەختەی شێرپەنجەی ملی منداڵدانە و لە رێگەی ئەم لینجەماددەوە دەکرێت، هەندێجار دە ساڵ پێش ئەوەی خانمێک تووشی شێرپەنجە ببێت، لەڕێگەی ئەم پشکنینەوە دەردەکەوێت کە خانمەکە ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەکە زۆرە و زوو چارەسەری پێویست وەردەگرێت و لە تووشبوون پارێزراو دەبێت".
هەربۆیە گرنگە خانمان نزیکەی دوو ساڵ جارێک ئەم پشکنینە بکەن.