ئەردۆغان: دەکرێت هەرساتێک هەواڵى مژدەبەخشمان پێبگات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لەبارەی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە رایگەیاند، "دەکرێت هەرساتێک هەواڵى مژدەبەخشمان پێبگات".
لەمیانەی بەشدارییکردنی لە چالاکییەکی تایبەت بە دایکان و خێزان لە ئیستانبوڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان وتارێکی پێشکەشکرد و لەبارەی 12هەمین کۆنگرەی پەکەکە کە دوێنێ بەستنی راگەیەندرا، بە ئاماژە رایگەیاند: "دەکرێت هەرساتێک هەواڵى مژدەبەخشمان پێبگات".
لەبارەی ئەو پرۆسەیەی لە ئێستاشدا لە ئارادایە، گوتی:"بە هەنگاوى پتەو لەسەر رێبازى تورکیاى بێتیرۆر بەردەوامدەبین."
ئەردۆغان راشیگەیاند: "دەزگای هەواڵگری و سەرجەم دامەزراوە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانى دیکەمان بەوردى لەکارەکانیان بەردەوامن".
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوەشکردەوە، وەکو دەوڵەت رێگەنادەن بەوەی هیچ بۆشاییەک دروستببێت و چاودێریی کارەکان دەکەن.
گوتیشی: "باوەڕمان وایە دەگەینە وێستگەى کۆتایی تورکیاى بێتیرۆر".