حکومەتی عێراق: لوتکەی بەغداد یەکێک لە گرنگترین لوتکە عەرەبییەکان دەبێت

گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە 17ـی ئەم مانگە لە بەغداد بەڕێوەبچێت، یەکێک دەبێت لە گرنگترین لوتکە عەرەبییەکان و راشیگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکی پێویست تەواوبووە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کارنامەی لوتکەی عەرەبیدا سەرجەم دۆسیە و قەیرانەکانی ناوچەکە، بوونی دەبێت و باسیان لێودەکرێت.
جگە لەوەش روونیکردووەتەوە، ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە لە لوتکەکەدا، گرنگییەکی زۆریان پێدەدرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسم عەوادی دەڵێت؛ لە 12ـی ئایارەوە کۆبوونەوەی ئامادەکاریی بەرپرسانی ئەنجوومەنی ئابووری بەڕیوەدەچێت و رۆژی دواتریش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، لەسەر ئاستی وەزیران بەڕێوەدەچێت.
عەوادی ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی 15ـی ئایار کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و 17ـی مانگ لوتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەدەچێت.
عێراق لە رابردوودا سێجار میوانداریی لوتکەی عەرەبیی کردووە، کە میوانداریەکان لە ساڵانی، 1978 – 1990- 2012 و لوتکەی ئەمساڵیش 34ـەمینی وڵاتانی عەرەبییە، کە عێراق میوانداریی دەکات.