تاوەکو ئێستا لایەنە کوردییەکان هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارنەکردووە

تەنیا چوار رۆژ بۆ کۆتاییهاتنى وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکان لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان ماوە و سەرچاوەیەکیش لە کۆمیسیۆنەوە دەڵێت، "لایەنە کوردییەکان هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردنەکە تۆمار نەکردووە بەهۆی لوتکەی عەرەبییەوە وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکانیش درێژدەکرێتەوە".
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەى پارت و لایەنە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "بەهۆى ئەوەى هەفتەى داهاتوو، لوتکەى عەرەبى لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و لایەنەکان سەرقاڵى رێکخستنى ئەو پرۆسەیەن، کۆمیسیۆن وادەى تۆمارکردنەکە پێنج بۆ 10 رۆژ درێژدەکاتەوە".
سەرچاوەکە باسى لەوەشکرد، پێنج هاوپەیمانێتیى نوێ تۆمارکراون و گوتیشی، "یەکێکیان هاوپەیمانێتیى لایەن و قەوارەى سیاسیی ئێزدییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەن و قەوارەیەکى سیاسى نێوان لایەنە کوردییەکان هاوپەیمانێتیان تۆمارنەکردووە بۆ هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق".
ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژى 14ـى ئایارى وەک دوا وادە بۆ تۆمارکردنى هاوپەیمانێتى، لیست و قەوارە سیاسییەکان راگەیاندووە.
بۆ هەڵبژاردنەکانى پیشووترى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، 64 هاوپەیمانێتى پارت و قەوارە سیاسییەکان ئەنجام درابوو.