لە رووداوێکی هاتووچۆ لە کرماشان 8 هاونیشتمانیی گیانیان لەدەستدا

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی نێوان کرماشان بۆ ئیلام، هەشت هاونیشتمانیی گیانیان لەدەستدا و هاونیشتمانییەکی دیکەش برینداربوو.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، رووداوەکە لە نزیک ناوچەی هومەیل لە پارێزگای کرماشان بەهۆی خۆپێداکێشانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری سەمەند بە ئۆتۆمبێلێکی پرایددا بووە و بەهۆی بەهێزیی رووداوەکەوە، دەستبەجێ هەشت کەس لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکان گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە.
ئەفشین یەگانە، سەرپەرشتیاری مانگی سووری کرماشان رایگەیاندووە، تیمەکانی فریاکەوتنی مانگی سوور رۆیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمی هەشت کەسیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکاندا دەرهێناوە.
هەروەها مەسعود قەلعە سەفیدی، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان و رووداوە لە ناکاوەکان لە زانکۆی پزیشکیی کرماشان گوتی، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە رادەستی هێزەکانی پۆلیس کراون و کەسە بریندارەکەش گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
رێگای هومەیل، کە دەکەوێتە 120 کیلۆمەتریی باشووری رۆژئاوای کرماشان، یەکێکە لە رێگە قەرەباڵغەکانی پارێزگای کرماشان و بەزۆریی رووداوەکانى هاتووچۆ لەو رێگەیەدا روودەدەن.