هەپەگە: تورکیا لە 4 رۆژدا 545 هێرشى کردووە و درۆنێکیان خرایە خوارەوە

test
بۆردومانێکی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی پەکەکە

هەپەگە رایگەیاند، لە رۆژی 7ی ئەم مانگەوە تاوەكو ئەمڕۆ شەممە کە 10ی ئایارە، سوپای توركیا 545 جار لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشی كردووەتە سەر ناوچەكانی ژێر دەستی پەکەکە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)،  لە راگەیەندراوێكدا ئەوەى خستووەتەڕوو، لە رۆژانى 7 و 8 و 9 و 10ـى مانگ، سوپای توركیا بە فڕۆکەى جەنگى و چەکى قورس و تۆپ و هاوەن 545 جار بۆردوومانی ناوچەكانی ژێر دەستیانی كردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، یەكێك لە هێرشەكان، ئەمڕۆ شەممە 10ی ئایار ئەنجامدراوە و تیایدا سوپای توركیا بۆردوومانی سنووری گوندەكانی بەری چیای گارەی كردووە.

ئەوەشى روونکردووەتەوە، کە هێزەكانیان لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا رۆژی 7ـى ئایار ئەم مانگە لە رۆژئاوای زاپ بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هێزێكی سوپای توركیا، هاوکات رۆژی 8ـى ئایار بە درۆنى کامیکاز لە چەند ئامانجێكی سوپای تورکیایان داوە و زیان بەر چەند زرێپۆشێك كەوتووە و هەمان رۆژیش درۆنێكی سوپای توركیایان خستووەتەخوارەوە.

هێرشەکانى سوپاى تورکیا لەکاتێکدایە، کە پارتى کرێکارانى کوردستان(پەكەكە) رۆژى 9ـى ئایار رایگەیاند، كۆنگرەی 12ی خۆیان بەسەركەوتویی ئەنجامداوە و لەسەر بنەمای بانگەوازەكەی ئۆجەلان بڕیاری گرنگیانداوە و لەماوەی داهاتوودا ئەنجامەكانی بۆ رایگشتی رادەگەیەنن.

loading....