تاڵیبان 14 کەسی بەتۆمەتی موزیک و گۆرانى گوتن دەستگیرکرد

پۆلیسی ئەفغانستان رایگەیاند، 14 کەسیان بە تۆمەتی ژەنینی موزیک و گۆرانی گوتن لە باکووری وڵاتەکە دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
پۆلیسی ئەفغانستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو 14 کەسەی دەستگیرکراون، لە شەودا لەماڵێکدا لە ویلایەتی تخار کۆبوونەتەوە و بە گۆرانی و ژەنینی موزیک، خەڵکیان بێزار کردووە".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، ئەو کەسانە لەئێستادا دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
بەشێک لە هونەرمەندانی ئەفغنستان، پاش گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، لەو وڵاتە هەڵاتن و بەرەو وڵاتانی دیکە کۆچیان کرد، بەڵام ئەو هونەرمەندانەی لە ئەفغانستان ماونەتەوە، تاڵیبان داوایلێکردوون سروودی ئایینی بڵێن.
تاڵیبان پاش گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021، یاسای شەریعەتی ئیسلام پەیڕەودەکات و سەرجەم ئاهەنگ و موزیکێکی لەو وڵاتە قەدەغە کردووە.