خولی چوارەمی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا لە عومان بەڕێوەدەچێت

test
وێنەیەک لە تیمی دانوستکاری ئێران لەگەڵ ئەمریکا

بڕیارە یەکشەممە 11ی ئایار خولی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت و ئەوەش لەکاتێکدایە، کە ناکۆکیی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە فراوانبووندایە.

میدیاکانی ئیسرائیل باس لە نیگەرانییەکانی ئیسرائیل دەکەن بەرامبەر بە ئەمریکا، سەبارەت بە رێڕەوی گفتوگۆکان و ئەگەری ئەنجامدانی رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، کە نەتوانێت رێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی ئێرانی بکات.

بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەمریکا زانیاریی پێویست سەبارەت بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران هاوبەشی پێناکەن لەگەڵ ئیسرائیل، بۆ ئەم پرسەش بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیران، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری و ئەفسەرێکی باڵای دیکەی ئیسرائیل، لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجامداوە.

لەو میانەدا ئیسرائیل هەڕەشەکانی لە ئێران توندتر کردووە و دەڵێن، ئەوەی بەسەر حەماس و حیزبوڵاماندا هێنا، بەسەر ئێرانیشدا دەیهێنین.

دەیڤید مێنسەر، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل گوتی، "ئەوەی ئیسرائیل بەسەر حیزبوڵای لوبناندا هێنای لە بەیروت، ئەوەی بەسەر حەماس لە غەززە و ئەسەد لە دیمەشق و حوسییەکان لە یەمەندا هات، ئەگەر پێویست بکات هەمانکار بەسەر تارانیشدا دەهێنین".

ناکۆکیی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ پاش ئەنجامدانی رێککەوتنی ئاگربەستی لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و حوسییەکانی یەمەن چڕتربووەتەوە، بەتایبەت کە پێشتر بەرپرسانی ئیسرائیل لەو رێککەوتنە ئاگادار نەکرابوون، ئاگربەستەکە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات، کە ئیسرائیل چەندین بەندەر و فڕۆکەخانەی یەمەنی کردە ئامانج و هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل هێشتا بەردەوامن.

لە لایەکی دیکەوە ئێران بەردەوامە لە نمایشکردنی درۆن و مووشەکە بالیستییەکانی و  عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش، دوای پاکستان سەردانی سعودیە و قەتەری کرد، پێش ئەوەی بگاتە عومان بۆ دەستپێکردنی خولی چوارەمی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "ئێمە هەوڵ نادەین بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و  بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لای ئێمە حەرامە، بەڵام دەستبەرداری مافە ئەتۆمییەکانی گەلەکەمان نابین، ئێمە باوەڕمان بە پرەنسیپی دیالۆگ هەیە و بە نیازپاکییەوە بەردەوامین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا و چین و ئەوروپا".

بڕیارە دووشەممەی داهاتوو، 12ی ئایار، دۆناڵد ترەمپ گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێبکات، تیایدا سەردانی وڵاتانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات دەکات و بە پێچەوانەی جارەکانی پێشوو، ئەمجارە تەلئەڤیڤ لە بەرنامەی سەردانەکەی ترەمپدا نییە، لە ئێستاشدا نازانرێت کە ئایا لە سەردانەکەیدا ترەمپ رووبەڕوو لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە یان نا.