پاکستان: پابەندین بە ئاگربەست لەگەڵ هیندستان

پاش چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی ئاگربەست، پاکستان و هیندستان، یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەستی نێوانیان تۆمەتبار کرد و هەر یەک لەو وڵاتانە جەخت لە پێویستیی پابەندبوون بە رێککەوتنەکە دەکەنەوە.
فیکرام میسری، سکرتێری وەزارەتی دەرەوەی هیندستان بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، "لەم کاتژمێرانەی کۆتاییدا پاکستان چەند پێشێلکارییەکی بەردەوامی ئەنجامداوە".
دەشڵێت، داوا لە پاکستان دەکەین، رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە.
هاوکات لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئیسلام ئاباد تاوەکو ئێستا پابەندە بە رێککەوتنی ئاگربەست و راگرتنی جەنگ لەگەڵ هیندستان.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێزە چەکدارەکانی پاکستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن.
وەزیرى دەرەوەی پاکستان، لە رایگەیەندراوەکەدا، هێزەکانی سوپای هیندستان بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا پاکستان جەختلەوەدەکاتەوە، هەر بابەتێکی پێویست بە ئاگربەست، پێویستە لە رێگەی کەناڵە دیبلۆماسییە فەرمییەکانەوە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و هێزە سەربازییەکانیش لەسەر زەوی دانبەخۆیاندا بگرن.