پوتن پێشنیازدەکات دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت

ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکى رووسیا پێشنیازی دانوستانی راستەوخۆی نێوان وڵاتەکەى و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ دەکات، ئەوەش دواى هۆشداریى هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا بۆ راگەیاندنى ئاگربەستى 30 رۆژە.
سەرۆکى رووسیا، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا لە کۆشکى کرێملن، داواى دانوستانی راستەوخۆی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاى کرد و پێشنیازیشى کرد، دانوستانەکە لە ئیستانبوڵى تورکیا بێت و لە رۆژی پێنجشەممە، 15ـى ئایاری 2025ـەوە دەستپێبکات.
دەشڵێت: پێشنیاز بۆ دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەکەن ئەو گفتوگۆیانە دەستپێبکەنەوە، کە لە ساڵی 2022دا تەواونەکران، بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە.
پوتن ئاماژەى بەوەشکرد، بەمنزیکانە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا قسە دەکات و داواى لێدەکات ئاسانکاریى بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان بکات و گوتیشی، "سبەی گفتوگۆیەکمان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان هەیە، دەمەوێت داوای لێبکەم دەرفەتێکی لەو شێوەیە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە ئۆکرانیا بڕەخسێنێت، هیوادارم خواستی خۆی بۆ بەشدارى لە بەرقەرارکردى ئاشى لە ئۆکرانیا دەربڕێت".
جەختى لەوەشکردەوە، پابەندە بە ئەنجامدانی دانوستانی جددی لەگەڵ ئۆکرانیا بە ئامانجی لە ریشە دەرهێنانى ململانێکان و چەسپاندنى ئاشتى هەمیشەیى و ئاماژەی بەوەشکرد، "رووسیا پێشتر چەندین جار دەستپێشخەرییەکانی بۆ راگەیاندنى ئاگربەست خستووەتەڕوو، بەڵام ئەم دەستپێشخەرییانە جار لە دوایین جار لەلایەن ئۆکرانیاوە تێکدراون. بەم شێوەیە، رژێمی کیێڤ پێشێلی ئاگربەستى 30 رۆژەى راگرتنى هێرشەکانى بۆ سەر دامەزراوەکانى وزە لە 18ـی ئازار تاوەکو 17ـی نیسان کرد، نزیکەی 130 جار بۆردوومانى ئەو دامەزراوانەى کردووە".
گوتیشى، رەنگە بتوانن لەسەر ئاگربەستی نوێ رێکبکەون، هاوکات، وڵاتانى رۆژئاواشى تۆمەتبارکرد بەوەى بەردەوام دژایەتیى رووسیا دەکەن و ئەوەشی گوت، "جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە چەندین جار پێشنیازی راگەیاندنى ئاگربەستمان کردووە و هەرگیز گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنی ئۆکرانیا رەتنەکردووەتەوە، با جارێکی دیکە بیرتان بخەمەوە ئەوە ئێمە نەبووین دانوستانەکانى ساڵی 2022مان پچڕاند، لایەنی ئۆکراینی وایکرد".
رۆژى شەممە، ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی شانبەشانی ئەمریکا، هۆشدارییاندا بە رووسیا بۆ رازیبوونی بە ئاگربەستێکی بێمەرج، بۆ ماوەی 30 رۆژ، کە لە رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025ـەوە دەستپێبکات، هەڕەشەی ئەوەشیانکرد، ئەگەر ئەو ئاگربەستە رەتکاتەوە، گەمارۆیەکی گەورەی نوێی ئابوورى بەسەردا دەسەپێنن.