ئاژەڵداران: بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە کڕیارمان کەمبووەتەوە و زياندەکەین

لەپاش بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون و تۆمارکردنی دوو حاڵەت و گیانلەدەستدانی یەکێکیان، ئاژەڵداران لە سنووری رانیە دەڵێن؛ ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان ئەم نەخۆشییە بڵاودەبێتەوە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی خستووەتەسەر بازاڕی ئەوان.
ئاژەڵدارانی سنووری رانیە بۆ کەناڵ8 گوتیان؛ خەڵکی لە نەخۆشییەکە دەترسێت و کڕیاریان کەمیکردووە و بە گوتەی خۆیان لە زیاندان لەکاتێکدا پێش بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە بازاڕیان باشتر بووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی 10ـی ئایاری 2025، یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان لەمساڵدا بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە لە دهۆک تۆمارکرا، کە ژنێکی تەمەن 45 ساڵ بوو.
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، "ژنەکە خاوەن و بەرکەوتەی ئاژەڵ بووە".
هەروەها یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان رۆژی 2ـی ئایار لە کۆیە تۆمارکرا و لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئەو کەسەوە سەرکار سورچی بەکەناڵ8ـشی گوت، دۆخی تەندروستیی باشە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون وەزارەتەکانی تەندروستی و کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی مانگێکە هەڵمەتێکی بەرەنگاربوونەوەی بەرفراوانیان لە شار و شارۆچکەکان راگەیاندووە.
لەسەر ئاستی عێراق تاوەکو ئێستا 54 حاڵەت تۆمارکراون و نۆیان گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە پێنج تووشبوویان لە کەرکوک بوون، کە چواریان گیانیان لەدەستداوە، تەندروستیی کەرکوکیش دەڵێت، "لە ئێستادا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشییەکە لە کەرکوکدا نییە".
گوتەبێژی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون رایگەیاندووە، تای خوێنبەربوون لە رێگەی دەستلێدان و بەرکەوتنەوە دەگوازێتەوە و بەهیچ شێوەیەک لە رێگەی هەناسەدان و هەواوە ناگوازرێتەوە.