بەرپرسێکی ئێرانی: گفتوگۆکان تەڵەی ئەمریکان بۆ ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە

بەرپرسێکی ئێرانی بە تۆڕی هەواڵی 'سی ئێن ئێن'ـی راگەیاند، ئەمریکا راستگۆ نییە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێران و هەر لەسەرەتاوە ئەم گفتوگۆیانە تەڵەیەکن بۆ راکێشانی دۆخەکە بەرەو گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە کە بەهۆکاری ئەمنی ناوی ئاشکرانەکراوە، بە 'سی ئێن ئێن'ـی گوتووە، ئێران دژ بە دواخستنی گفتوگۆکان بوو لە هەفتەی رابردوودا و ئەمەش وەکو یارییەکی سیاسی و میدیایی ئەمریکا هەڵدەسەنگێنێت، ئێستاش خۆی بۆ سیناریۆکانی دوای شکستهێنانی گفتوگۆکان ئامادەدەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەمریکا لە گفتوگۆکاندا "وەڵامی کورت و گشتی"ـی پرسیارەکان دەداتەوە، پێشنیازە سەرەکییەکان پشتگوێدەخات و بەردەوام هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت.
پێشتر ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا هۆشداریدا و گوتی، ئەگەر خولی چوارەمی گفتوگۆکان لە عومان بەرهەمدار نەبێت، ئەوا بەردەوام نابن و دەبێت رێگایەکی جیاواز بگرنەبەر.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە دوایین لێدوانیدا گوتی، ئێران "پەیامی دژبەیەک"ی لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە، بە گوتەی ئەو "کەسە جیاوازەکانی ئەمریکا بۆچوونی جیاواز دەردەبڕن".