ئەمڕۆ خولى چوارەمى دانوستانەکانى ئێران و ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە

test
وێنەی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی شاندی دانوستانکاری ئێران بە نێوەندگیریی عومان بۆ کۆوونەوە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە رۆمای ئیتالیا

دوای هەفتەیەک لە دواکەوتنی خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکەی نێوان تاران و واشنتن، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی ئایارى 2025 دانوستانەکە لە مەسقەتی پایتەختى عومان بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی میدیای ئێرانی، هاوشێوەی سێ خولی پیشوو عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی ئێران دەکات، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرپەرشتیی تیمی وڵاتەکەی دەکات.

لەبارەی ئەم خولەی دانوستانەکە ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئێران، بێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی کات و تەوەری گفتوگۆکان ئاشکرا بکات رایگەیاند، شاندی وڵاتەکەی پێکهاتوون لە کەسانی پسپۆڕ و زانا، بەجۆرێک بتوانن خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەکەیان لە کۆبوونەوەکە بکەن.

پێشتر ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رایگەیاند، ئێران ئێستا لە پێگەیەکی لاوازدایە و دەبێت بنکە ئەتۆمییەکانی لەناو ببات.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە دواین لێدوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بە حەرام دەزانێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگرە لەسەر بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆم.

هەرچەند بڕیار بوو 3ـی ئەم مانگە خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکە بە ڕێوەبچێت، بەڵام عومان کە نیوەندگیری دانوستانەکەیە، لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی رایگەیاند، بە هۆکاری لۆجستی دواخراوە.

تاوەکو ئێستا سێ خولی دانوستانەکە بەڕێوەچووە، دوانیان لە مەسقەت و یەکێکیشیان لە رۆما بووە، بەرپرسانی هەردوو وڵاتیش دوای هەر خولێکی دانوستانەکان رایانگەیاند، کۆبوونەوەکان بنیادنەربوون.