گفتوگۆی سەرەکیی عێراقچی لەگەڵ هاوتا سعودی و قەتەڕییەکەی لەسەر کۆبوونەوە ئەتۆمییەکان بووە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانێکی یەک رۆژەدا بۆ سعودییە و قەتەڕ لەگەڵ هاوتا سعودی و قەتەڕییەکەی کۆبووەوە رایگەیاند، وڵاتەکەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم بە حەرام دەزانێت.
لەگەڵ گەیشتنی بە سعودییە وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودییە کۆبووەوە هەمان رۆژ دوا نیوەڕۆکەی بۆ بەشداری لە لوتکەی ئێران و وڵاتانی عەرەبی چووە قەتەڕ و لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کۆبووەوە.
بە گوێرەی میدیایی ئێرانی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکە، خولی چوارەمی دانوستانەکە و پرسە دوو قۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێکراوە.
لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە کەمکردنەی گرژییەکان بە رێگای ئاشتی و دیالۆگ کراوەتەوە وەزیرانی دەرەوەی سعودییە و قەتەڕیش پێداگریی وڵاتەکانیان بۆ چارەسەری بەرنامە ئەتۆمییەکە بە رێگای دیالۆگ و دیپلۆماسی کردووە.
لە لوتکەی ئێران و وڵاتانی عەرەبی عێراقچی گوتارێکی وڵاتەکەی پێشکەشکرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بە حەرام دەزانێت، بەڵام پێداگرە لەسەر بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆم.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە لوتکە ئیسرائیلی بە گەورەترین هەڕەشە بۆ ئاسایشی ناوچەکە ناوبردووە و گوتووشییەتی، ئەمڕۆ زیاتر لە جاران پێویستیان بە لێکتێگەیشتن و یەک دەنگییە .