حەماس ڤيديۆيەکی نوێی بارمتە ئيسرائيلييەکانی بڵاوکردەوە

ليواکانی قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، گرتە ڤيديۆيەکی دوو بارمتەی ئيسرائيلی بڵاوکردەوە، کە يەکێک لە بارمتەکان داوای کۆتايهێنان بە شەڕی غەززە دەکات.
کۆمەڵەی بارمتەکانی ئيسرائيل ناسنامەی ئەو دوو بارمتەيان پشتراستکردەوە و رايگەياندووە، ئيلکانا بوحبوتی تەمەن 36 ساڵ و يوسف حايم ئوحەنای تەمەن 24 ساڵن، کە لە کاتی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 رفێندراون.
لە گرتە ڤيديۆييەکەدا دوو بارمتەکە لە ژوورێکی بچوکدان، يوسف حايم ئوحەنان قسە دەکات و دەڵێت ، "ژيانيان لە مەترسيدايە و ئيلکانا لە دۆخێکی خراپدايە و خواردن و خواردنەوە ناخوات".
گوتيشی ،"لەو دۆخە سەختەی تيايدان بڕێکی زۆر کەم خواردنيان لەلايە".
قسەکانی يوسف لەکاتێکدايە لە سەرەتای مانگی ئازارەوە ئيسرائيل چوونی هاوکارييە مرۆييەکانی بۆ غەززە راگرتووە و رێکخراوەکانی نەتەوەيەکگرتووەکان هۆشدارييانداوە لە خراپی دۆخی مرۆيی لە کەرتەکە.
يوسف بە توڕەييەوە بە بەرپرسانی ئيسرائيل دەڵێت ، "ئيتر بەسە و کاتی ئەوەيە ئەم شەڕە بوەستێندرێت".
حەماس چەند جارکی ديکە ڤيديۆی بارمتەکانی بڵاوکردووەتەوە، لە ميدياکاندا وا لێکدانەوەی بۆدەکرێت کە جوڵەکانی جەستەيان ئەوە دەردەخات کە لەژێر فشاردا پێياندەکرێت.
نزيکەی 20 مانگە شەڕی ئيسرائيل و حەماس بەردەوامە لە سەرەتای شەڕەوە بزووتنەوەکە 251 بارمتەی ئيسرائيلی رفاندووە و بە گوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئێستا 59 بارمتە لە دەستی حەماسدا ماونەتەوە.