رۆژنامەکانی تورکیا: ئۆجەلان راستەوخۆ و چالاکتر سەرپەرشتیی پرۆسەی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات

بەگوێرەی هەواڵی دوو رۆژنامەی نزیک لە ئاکپارتی و دەسەڵات، پەکەکە "لەم یەک دوو رۆژەدا" هەڵوەشاندنەوەی خۆی رادەگەیەنێت و ئۆجەلانیش سەرپەرشتیی هەنگاوەکانی دواتری پرۆسەکە دەکات و پەکەکە بڕیاریداوە لە ئێستا بەدواوە بە رێگەی سیاسی و یاسایی خەبات بکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی حوڕییەتی نزیک لە دەسەڵات، پارتی کرێکارانی کوردستان، بە گفتوگۆکردن و سازان لەگەڵ بەرپرسانی پارتەکە لە ئەوروپا و سووریا، دەقی راگەیاندنی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی ئامادەکردووە و لە یەک-دوو رۆژی داهاتوودا رایدەگەیەنێت.
وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، پەکەکە لەناو خۆیدا گفتوگۆی سەبارەت بەوەکردووە لەکوێ، کەی و بە چی رێگەیەک خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان رابگەیەنن و کێ دەقەکە بخوێنێتەوە، هاوکات بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ دەزگای هەواگریی تورکیا "میت"دا هەڵسەنگاندنیان بۆ بابەتەکە کردووە.
هاوکات رۆژنامەی تورکیای نزیک لە ئاکپارتی بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل و سنووری سلێمانی کۆبوونەتەوە و باسیان لە هەنگاوکانی دواتر و چۆنییەتی رادەستکردنی چەکەکانیان کردووە.
رۆژنامەکە نووسیوویەتی، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە و بڕیارەکەش گەیشتووەتە ئەنقەرە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی دواتریش راستەوخۆ لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکەوە سەرپەرشتیی دەکرێت، ئەوەش بەهۆی زۆریی دەستوەردانەکانەوە، هەر بۆیە ئۆجەلان راستەوخۆ و بە شێوەیەکی چالاکتر بەشداری لە پرۆسەکە دەکات.
رۆژنامەکە لەو بارەیەوە دەڵێت، بۆ سەرپەرشتیکردنی هەنگاوەکانی دوای خۆهەڵوەشاندنەوە، رێگە بە ئیمراڵی دەدرێت بەشێوەیەکی باشتر لە رابردوو، پەیوەندی بە رێکخراوەکەیەوە بکات.
وەک رۆژنامەکە نووسیوویەتی، چەند وڵاتێک لە رێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانیانەوە پەیوەندییان بە بەشێک لە بەرپرسانی پەکەکەوە کردووە و هەوڵیانداوە پرۆسەکە پەکبخەن، بەڵام شکستیانهێناوە.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکرووە، لە ناوخۆی پەکەکەدا بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان، دەستکراوە بە پرۆسەی لیستکردن و ناو نووسینی ئەو ئەندامانەی کە لە لیستی دەزگای هەواڵگریی تورکیادا نین و بەشێک لەو کەسانە دەچنە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت ئەوروپا.
هاوکات رۆژنامەی تورکیا هاوشێوەی بەشێک لە رۆژنامەکانی دیکە بڵاویکردووەتەوە، لە شاری ئەنقەرە نەشتەرگەریی چاو بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدراوە. ئەوەش وەک بەشێک لە هەنگاوەکانی باشکردنی رەوشی ئۆجەلان تەماشا دەکرێت، کە پارتی دەم و پەکەکە داوای دەکەن.
نەوزاد چیچەک، بەڕێوەبەری گشتیی ئیندیپندێنتی تورکی رایگەیاند، لە کۆنگرەی 12هەمینی پەکەکەدا چوار بڕیار دراون و لە بڕیاری یەکەمدا ئاماژە بەوەکراوە؛ خەباتی سەربازیی پەکەکە دژی دەوڵەتی تورکیا رادەوەستێت و لە ئێستا بەدواوە پەکەکە بە رێگەی سیاسیی و یاسایی خەبات دەکات.
پەکەکە لە بڕیاری دووەمیشدا دەڵێت، پەکەکە بە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە، سەرجەم چالاکییەکانی دەوەستێنێت.
لە بڕیاری سێیەمیشدا ئاماژە بەوەدەکرێت، پاش بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە لە عێراق، سووریا، ئێران و تورکیا پەکەکە لەژێر ناوی پەکەکەدا هیچ چالاکییەکی سیاسیی و سەربازیی ئەنجامنادرێت.
وەک چیچەک دەڵێت، پەکەکە لە بڕیاری چوارەمدا دەڵێت، کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەکەکە سەرپەرشتیی پرۆسەی چەکدانان دەکات و لیژنەیەکی هاوبەشیش بۆ رادەستکردنی چەک دروستدەکرێت.