ئەمساڵ 36 رووداوی هاتوچۆ لە هەڵەبجە روویانداوە و 68 قوربانییان لێکەوتووەتەوە

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە نزیک بازگەی زەمەقی لە هەڵەبجە شۆفێری ماتۆڕسکیلێک گیانیلەدەستدا.
ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە کەناڵ8ـی راگەیاند، رووداوەکە لەنێوان ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکدا روویداوە و شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانیلەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوکەسەی گیانیلەدەستداوە خەڵکی شارەزوورە و لەسەر رووداوەکە و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بە ماددەی 24ـی هاتوچۆ راگیراوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لەسەر رووداوەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە بنکەی پۆلیسی سیروان کراوەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 7ـی ئایاری 2025، 23 رووداوی ئۆتۆمبێل و 13 رووداوی ماتۆڕسکیل روویداوە و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەیان پیاوبوون و یەک ژنیش بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیلەدەستداوە و هاوکات کۆی بریندارانی رووداوەکانی هاتوچۆش 60 کەس بوون.
هەروەها ساڵی 2024 لە پارێزگای هەڵەبجە 66 رووداوی ئۆتۆمبێل و 61 رووداوی ماتۆڕسکیل روویداوە و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 174 کەسی دیکەش برینداربوون.