مانچێستەر یونایتد رووبەرووی لوتن تاون دەبێتەوە بەڵام ئەرکی قورسدەبێت

11 ساڵ لەمەوبەر، لوتن تاون نوقمی ئەنجامە خراپەکان بوو، لە خولی پلە پێنج لە خانەی حەوتەمدا بوو، هەر لەو کاتانەدا مانچێستەر یونایتد جامی پرێمەرلیگی بەرزدەکردەوە، ئێستا ئەو دوو یانەیە لە پرێمەرلیگ بەیەکەوە شەڕی پێگەکانیان دەکەن، ئەمشەویش یاریی هەفتەی 25 لە کینیڵسوۆرز ئەنجامدەدەن، کە لە 1992وە یەکەمین یاریی نێوان دوو جەمسەرەکەیە لەم یاریگەیە.
ئەم یارییە بۆ مان یونایتد رووبەڕووبوونەوەیەکی خەڵەتێنەرە، چونکە لوتن بەناو بچووکە و لە ریزبەندیی پرێمەرلیگیشدا تەنیا خاڵێک لە هێڵی دابەزینەوە دوورە، بەڵام تایبەتمەندییەکی سەیریان هەیە و کاتێک بەرامبەر گەورەکان دەوەستنەوە و گەورە دەردەکەون، بەرامبەر لیڤەرپووڵ یەکسانبوون و بەرامبەرنیوکاسڵ سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، لەهەر یارییەکی دیکەی یانە گەورەکانیشدا رکابەرەکانی دووچاری ئاستەنگی کردووە.
ئێریک تین هاگ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی بیرکارییانەدایە، دوای سەرکەوتن لە چوار یاریی لەدەرەوەی یاریگەی خۆیدا، ئەمشەو دەتوانێت ژمارەکە بگەیەنێتە پێنج و ریکۆرد تۆماربکات، بەوپێیەی لە ئۆکتۆبەری 2020وە ئەم ریکۆردە لەلایەن شەیتانە سوورەکانەوە تۆمارنەکراوە.
مان یونایتد خاوەنی 41 خاڵە و شەڕی پلەی چوارەم و پێنجەم دەکات، چوار یارییشە تامی هیچ شکستێکی نەکردووە، دوایین یاریشیان لە ئەستۆن ڤێلا بردووەتەوە، کە یەکێکن لە قورسترین رکابەرەکانی پرێمەرلیگ، تەنانەت یاریی قۆناغی یەکەمیشیان لە لوتن تاون بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام بردووەتەوە، بەڵام ئەمجارە بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی مالاسیا، مارتینێز، ماونت، مارتیال و بیساکا و لوک شاو بێبەش دەبن، رکابەرەکەشی ناتوانێت سوودمەندبێت لەتواناکانی ئاندێرسۆن، لۆکێر، ناکامبا.