دۆرتمۆند ئەمشەو رووبەرووی یەکەمی هۆڵەندا دەبێتەوە

test
ئێدین تیرزیچ، راهێنەری یانەی بورۆسیا دۆرتمۆند. فۆتۆ: AP

یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی لە قۆناغی کۆمەڵەکان پلەی دووەمی بەدەستهێنا، لە 2016وە یەکەمجارە دەگەن بەم قۆناغە و دووەم جاریشە لە ماوەی 17 ساڵدا چانسی خۆیان لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی چامپیۆنزلیگ تاقیدەکەنەوە ولە یاریگەی فیلیپس رووبەرووی رکابەرێکی لەخۆیان گەورەتر دەبنەوە، کە ئەویش بۆروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانییە.

ئایندهۆڤن یانەیەکی ئاسان نییە، لەم وەرزەی خولی هۆڵەندا هاوشێوەی بایەر لیڤەرکوزن بووەتە سوپرایزی ئەوروپا، لە کۆی 22 یاریی هیچی نەدۆڕاندووە و بە جیاوازیی 10 خاڵ فاینۆردیش کەوتووە.

لە دوایین 11 یاریشدا لە فیلیپس شتادیۆن لەسەرجەم خولە ئەوروپییەکان، تەنیا یەک شکستیان هەیە و ئەمشەو بەهەموو وزەی خۆیانەوە دژی دۆرتمۆند دەوەستنەوە وەک تۆڵە سەندنەوەیەک لەو شکستە، بەڵام مێژووی یانەکەی هۆڵەندا بەرامبەر ئەڵمانییەکان شتێکی دیکەمان پێدەڵێت، بەوپێیەی لە 37 یارییدا، تەنیا 10 سەرکەوتنیان هەیە و 20 یارییان بە بزوێنەرەکانی بۆندسلیگا دۆڕاندووە.

لە بەرامبەردا ئێدین تێریزیچی راهێنەری دۆرتمۆند توانیویەتی لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا، پاریس سانجێرمان، میلان و نیوکاسڵ بخاتە دوای خۆی، بەڵام دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئایندهۆڤن بکات، چونکە یانەکەی ڤێشتیڤالین بەرامبەر هۆڵەندییەکان هەمیشە لاواز دەردەکەوێت، لەرابردوودا و لە کۆی 11 یاریی، پێنج شکست و سێ یەکسانبوونی بەرامبەریان تۆمارکردووە، هەرچەندیشە لە شەش وەرزی رابردوودا پێنج جار گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە، بەڵام هەر لەم خاڵەدا چوارجار ماڵئاواییکردووە، بۆیە یارییەکەی ئەمشەو بۆ تێریزیچ سەنگی مەحەکە، یان ئەوەتا کۆتایی بە نەفرەتە دەهێنێت، یان بە هەمان قەدەری ساڵانی رابردوو قایلدەبێت و بە ئیدارەی دۆرتمۆندیش دەڵێت، ببورن، هەر ئەوەندەم پێدەکرێت.

loading....