دیێگۆ سیمیۆنی وردودرشتی یاریکردنی ئیتاڵییەکان شارەزایە

test
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید. فۆتۆ: AP

ئەمشەو یارییەکانی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکەنەوە، دووەمی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، ئینتەر میلان، ئەمشەو دەرگای جوسێپی میاتزا بۆ ئەتلێتیکۆ مەدرید دەکاتەوە، کە یەکێکە لە سەرسەختترین یانەکانی ئیسپانیا وهاوشێوەی ئیتاڵییەکان بە بیرۆکەی بەرگریکردن یاریدەکات، هەموو بیرۆکەکانیش لەژێر سەری دیێگۆ سیمیۆنیدایە، کە پێشتر لە میلان ژیاوە و وردودرشتی یاریکردنی ئیتاڵییەکان شارەزایە.

ئینتەر لە سێپتێمبەری 2022وە لەهیچ یارییەکی چامپیۆنزلیگ لەنێو یاریگە و هاندەرانی شکستی نەهێناوە، لە ئیتاڵیاش ئاشکرایە کە بەرگی پاڵەوانی پۆشیوە و هەر خۆی یەکەمە، هەشت یارییە هیچ یانەیەکی  سێریا ئەی جورئەتی ئەوەی نەبووە بەسەریدا سەربکەوێت، بەڵام مێژووی یانەکە بەرامبەر بە یانە ئیسپانییەکان شتێکی دیکەمان پێدەڵێت، لە دوایین شەش یارییدا، ئەستێرەکانی ئینزاگی بەرامبەر بە ماتادۆرەکان، تەنیا یەک یارییان بردووەتەوە.

ئەمشەو ئینزاگی سەرەڕای ئەوەی رووبەرووی سیمیۆنیی هاوسەنگەری پێشووی دەبێتەوە، بەڵام ناچارە وەک فاینەڵێک مامەڵەبکات و لەسەرکەوتن زیاتر هیچ ئەنجامێکی دیکە دادی نادات، چونکە لە یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ لە مەدرید ئەتلەتیکۆ هەمیشە رکابەرانی دەخنکێنێت.

هەرچی دیێگۆ سیمۆنیی راهێنەری ئەتلەتیکۆیە، ریکۆردێکی باشی بەرامبەر یانە ئیتالییەکان هەیە، تاکە شکستی بەرامبەر ئینتەر مێژووەکەی بۆ ئەوکاتە دەگەڕێتەوە کە راهێنەری کاتانیا بووە، ئەگەر هەر لەم وەرزەشدا باس لە سیمیۆنی وئەتلەتیکۆ مەدرید بکەین، دەبێت نموونە بە لازیۆ بهێنینەوە کە لە هەمان کۆمەڵەدا یاریاندەکرد، ئەستێرەکانی سیمیۆنی لە ئیتاڵیا بەرامبەریان یەکسانبوون و لە یاریگەی خۆیاندا بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام بەسەریاندا سەرکەوتن، رەنگە سیمیۆنی دوای گەڕانەوەی مۆراتا و پولەکانی دیکەی هاوکێشەکەی، بۆ هەمان سیناریۆ کاربکاتەوە.

loading....