لەدوایین هەفتەی خولی نایابی کوردستان، یانەی شێروانەی پلەی سێیەمی ریزبەندی لە گەرمیان بەپاڵپشتی هاندەرانی میوانداریی یانەی پێشمەرگەی هەولێری دووەم دەکات و سەرجەم چاوەکان لەسەر ئەنجامی ئەو یارییە دەبێت، چونکە لەئەگەری شکست یان یەکسانبوونی ئاکرێ بەرامبەر چوارقوڕنە براوەی خولەکە لە گەرمیانەوە یەکلادەکرێتەوە.
شێروانە ئەم وەرزە بەراهێنەرایەتی عادل عەلی ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و سەرەڕای ئەوەی پێشەنگی ریزبەنیان لەبەرژەوەندی ئاکرێ و پێشمەرگەی هەولێر لەدەستداوە، بەڵام یانەکەی دەڤەری گەرمیان بەجیاوازیی دوو خاڵ لەدوای ئاکرێی پێشەنگەوەیە و لەگەڵ پێشمەرگەی هەولێری دووەمیش تەنیا یەک خاڵ لەنێوانیاندایە.
شێروانە لە 10 هەفتەی ئەم وەرزەی خولەکەدا پێشەنگ بووە، کە لە سێ قۆناغی جیاوازدا بووە، شینپۆشەکانی گەرمیان لە قۆناغی یەکەمدا بەبارودۆخێکی خراپدا تێپەڕین و بەهۆی ئەنجامە خراپەکانەوە راهێنەری یانەکە و سێ یاریزانیان دوورخستەوە، دواتر عادل عەلی ئەرکی راهێنانی یانەکەی وەرگرت و لەهەفتەی 16 توانی پێشەنگی وەربگرێت، بەڵام ئەنجامە باشەکان تاسەر نەبوون و لەدوای یەکسانبوونەکەیان بەرامبەر ئاکرێ، یانەکە شەش یاری لەسەریەک تامی بردنەوەی نەکرد و بەوهۆیەوە لەپێشەنگی دوورکەوتەوە.
پێنج هەفتەی خولی نایابی کوردستان لە مانگی رەمەزاندا ئەنجامدرا و لەو مانگەدا یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر و ئاکرێ پێشەنگی خولەکەیان بەدەستەوەبوو، کە تاوەکو ئێستا جیاوازیی نێوانیان تەنیا یەک خاڵە و ئەم هەفتەیە پاڵەوانی وەرزەکە یەکلادەبێتەوە.