لە پارێزگای ورمێ 237 گوند بە تۆڕی نیشتمانیی گازەوە دەبەسترێنەوە

شاری ورمێ فۆتۆ: گووگڵ

بەڕێوەبەری ئەندازە و جێبەجێکاری پرۆژەی کۆمپانیای گازی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: بەگوێرەی ئەو پلانەی لەلایەن ئیدارەی پارێزگای ورمێوە دانراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 چاوەڕێدەکرێت 237 گوندی پارێزگاکە بە تۆڕی نیشتمانیی گازەوە ببەسترێنەوە.

جەمشید دەرستکار، بەڕێوەبەری ئەندازیاری و جێبەجێکاری پرۆژەی کۆمپانیای گازی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: پرۆژەی دابینکردنی گاز بۆ سەرجەم گوندەکانی پارێزگاکە بەردەوامە، بۆیە تاوەکو کۆتایی 2024، 117 پرۆژەی سووتەمەنی بە درێژایی 1400کم بۆ ناوچە دوورە دەستەکان و گوندەکانی پارێزگای ورمێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جەمشید دەرستکار دەڵێت: "لە ساڵی 2023دا نزیکەی 19 هەزار و 500 ماڵ لە پارێزگای ورمێ سوودمەند بوون لە تۆڕی نیشتمانیی گازی پارێزگاکە، دەشڵێت: "پلانی دانانی تۆڕی گاز بۆ 61 گوند و 57 یەکەی پیشەسازی پارێزگاکە ئامادەیە".

بەڕێوەبەری ئەندازیاری و جێبەجێکاری پرۆژەی کۆمپانیای گازی پارێزگای ورمێ ئاماژەی بەوەشکرد: ساڵی رابردوو بە درێژایی هەزار و 314کم، سێ پرۆژە لە شار و 243 پرۆژە لە گوند و 62 پرۆژەی پیشەسازی دیکە لە پارێزگای ورمێ بە کۆی گشتی  هەزار و 605 ملیار تمەن تەواو کراون.

دەشڵێت: "لە هەمان ماوەدا 57  وێستگەی سیستمی گەرمی لە پارێزگاکە دانراون، کۆی گشتی وێستگەکانی ئێستای پارێزگاکە گەیشتووەتە هەزار و 129 سیستمی وێستگە کە لە ئێستادا 50 وێستگەی دیکە لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

پارێزگای ورمێ،ناوەندەکەی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی سێ ملیۆن کەسە، دوو نەتەوەی سەرەکیی تێدا دەژین کە کورد و ئازەرن، لە ئێستادا دوو هەزار و 300 یەکەی پیشەسازی بە قەبارەی وەبەرهێنانی 138 هەزار ملیارتمەن لە ورمێ چالاکن، 61 هەزار و 139 کەس لەو یەکانە دەرفەتی کاریان دەستکەوتووە.