پزیشکێکی پسپۆڕ: خواردن بەردی گورچیلە ناتوێنێتەوە

test
هۆکار و چارەسەرەکانی بەردی گورچیلە

بەردی گورچیلە، پێکهاتەیەکی رەقە کە لە کۆمەڵێک کریستاڵ و خوێی ناو گورچیلەوە دروستدەبێت. ئەم حاڵەتە یەکێکە لە حاڵەتە باوەکان و هاونیشتمانییان بەردەوام پرسیاریان لەسەر شێوازی دروستبوونی بەرد و چارەسەرەکانیشی هەیە. هەندێک کەس لە چارەسەردا زیادەڕەوی دەکەن و چارەسەری ناپێویست وەردەگرن، هەندێک کەسیش کە چارەسەری قورستریان پێویستە، وەرگرتنی چارەسەر دوادەخەن و پێیانوایە دەکرێت خۆیان بەردەکە فڕێبدەن.

د. سەروەر نووری، راوێژکاری نەشتەرگەریی گورچیلە و میز و نەزۆکی، بە کەناڵ8ی راگەیاند: "بە هۆی گۆڕانی شێوازی ژیان، زۆرخۆری، وەرزشنەکردن و گۆڕانی کەشوهەواوە، رێژەی دروستبوونی بەردی گورچیلە بەراورد بە رابردوو زیادیکردووە. هەرچەندە بۆماوەیی یەکێکە لە هۆکارەکانی توشبوون بە بەردی گورچیلە، بەڵام مەرجیش نییە هەر کەسێک تووشی بەردی گورچیلە بوو، هۆکارەکەی بۆ ماوەیی بێت، چونکە شێوازی ژیان و هۆکارە ژینگەییەکان کاریگەریی بەردەوامیان هەیە لەسەر حاڵەتەکە و نزیکەی ٪10-15ی خەڵک جارێک لە ژیانیاندا توشی بەردی گورچیلە دەبن."

د. سەروەر گوتیشی: "زۆرجار بەرد لە گورچیلەکاندا دروستدەبێت، دەکرێت لە گورچیلەدا بمێنێتەوە، دەشکرێت داببەزێتە خوارەوە و لە رێرەوی میزدا جێبگرێت. هەندێجاریش، بەرد لە میزەڵاندا دروستدەبێت، جاران ئەم حاڵەتە لە منداڵاندا باو بوو، بەڵام ئێستا کەمتر ئەوە دەبینرێت و بەهۆی نەخۆشییەکانی پرۆستات و تەسکی بۆریی میزەوە، حاڵەتەکە لە کەسانی بەتەمەندا باوترە."

سەبارەت بەو خواردن و خواردنەوە سەرەکییانەی دەبنەهۆی توشبوون بە بەردی گورچیلە، د. سەروەر بەوردی تیشکی خستەسەر ئاو، خوێ و و شەکر و گوتی: "ئاو یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆپاراستن، پێویستە مرۆڤ رۆژانە بڕی پێویست ئاو بخواتەوە بە جۆرێک میزەکەی سپی بێت، کەمخواردنەوەی ئاو یەکێکە لە هۆکارەکانی توشبوون بە بەردی گورچیلە. خوێش دووژمنی سەرەکیی بەردی گورچیلەیە، ئەو کەسانەی زۆر خوێ دەخۆن، زیاتر توشی بەردی گورچیلە دەبن. شەکریش یەکێکە لە هۆکارەکان و ئەو کەسانەی شەکر، پاقلاوە و شیرینییەکان زۆر دەخۆن و قەڵەون، ئەگەری تووشبوونیان زیاترە."

سەبارەت بە چارەسەری بەردی گورچیلە و ئەو هەڵەتێگەشتنە باوانەی سەبارەت بە فڕێدان و توانەوەی بەردی گورچیلە لە ناو خەڵکدا باون، پزیشکەکە بە کەناڵ8ی گوت: "هەڵەتێگەشتن زۆرن، خەڵک دەڵێن فڵانە خواردن زۆر دەخۆین بڵێی بەردەکەمان بتوێنێتەوە؟ لە راستیدا چارەسەر پەیوەندی بە قەبارەی بەردەکەوە هەیە، ئەگەر بەردێک 8-9 ملم یان زیاتر بێت، ناتوێتەوە و فڕێینادەیت، بەڵام ئەگەر بەردێک 4 ملم بێت، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە خۆی دێتە خوارەوە و فڕێدەدرێت."