پسپۆڕێکی کورد باس لە نەخۆشییە زگماکییەکانی منداڵان دەکات

د. کۆیان هەورامی - پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرەی منداڵان

پسپۆڕێکی کورد لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کەناڵ8 باس لە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی دڵی منداڵان دەکات و دابەشیان دەکات بۆ دوو جۆرە.

د. کۆیان هەورامی، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەکان دڵ و قەستەرەی منداڵان، باسی لەوە کرد کە نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵ دابەشدەکرێن بەسەر دوو کۆمەڵەدا، ئەوانەی شینبوونەوەیان لەگەڵە و ئەوانەی لەگەڵیان نییە؛ کۆمەڵەی یەکەم لەم نەخۆشییانە مەترسییان زیاترە، بۆیە زۆرجار بە قەستەرە چارەسەرناکرێن و دەبێت نەشتەرگەرییەکان بۆ بکرێت.

هەرچی کۆمەڵەی دووەمە، کۆمەڵێک نەخۆشی دەگرێتەوە، بۆنموونە کونی نێوان گوێچکەڵەکانی دڵ، کونی نێوان سکۆڵە و کونی نێوان شاخوێنبەر و خوێنبەری سییەکان؛ ئەم نەخۆشییانە بەشێکیان دەتوانرێت لەڕێگەی قەستەرەوە چارەسەربکرێن.

بەڵام ئەو قەستەرەیەی بۆ منداڵان دەکرێت، زۆر جیاوازە لە قەستەرەی گەوران؛ بۆنموونە لە قەستەرەی منداڵاندا بەکارهێنانی تۆڕ و باڵۆن زۆر کەمە؛ هەروەها قەستەرەی دڵی منداڵان پێویستی بە بەنجی گشتییە، لە کاتێکدا لە گەوراندا ئەم پرۆسەیە لەڕێگەی بەنجی ناوچەییەوە دەکرێت.

سەبارەت بە ماکەکانی قەستەرەی دڵی منداڵان، پزیشکەکە گووتی لەوانەیە لە ماوەی چەند رۆژێکدا تۆڕەکە دەربچێت، یانیش دوای ماوەیەک منداڵەکە تووشی هەوکردن ببێت؛ بەڵام ئەم ماکانە باو نین و پێویست ناکات دایکوباوکان بترسن.

د. کۆیان باسی لەوە کرد کە کاتی کردنی نەشتەرگەرییەکە بە گوێرەی حاڵەتەکە و تەندروستیی منداڵەکە دەگۆڕێت، بۆنموونە ئەگەر گرفتەکە کونی نێوان گوێچکەڵەکان بێت، لەوانەیە بتوانرێت تاوەکو 3-4 ساڵی چاوەڕێبکرێت، دواتر نەشتەرگەرییەکە بکرێت؛ هەرچی کونی نێوان سکۆڵەکانە، دەکرێت لە تەمەنی 1 ساڵیدا نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت