بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە 100 هەزار کەس لە عێراق ئاوارەبوون

test
ماسیگرێک لە پارێزگای زیقاری عێراق بەسەر زۆنگاوێکی وشکبوودا هەنگاو دەنێت. فۆتۆ: AP

سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە 100 هەزار کەس لە عێراق ئاوارەبوون و داوای بەپەلە جێبەجێکردنی پرۆژەی بووژانەوەی ژینگە دەکات.

فازڵ غەڕاوى، سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، لەساڵی 2016ـەوە تاوەکو سەرەتاکانی ساڵی 2024، 100 هەزار کەس بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق ئاوارەبوون، کە دەکاتە 15%ـی ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکانی خۆیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدا دێت کە کاریگەر بووە بە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، نەبارینی بڕی بارانی پێویست، کەمبوونەوەی بڕی ئاو و شەپۆلەکانی خۆڵبارین و بەبیابانبوون، ئەمانەش بوونەتە هۆکارىى خراپبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و زیادبوونی ئاستی خوێ لە زەویدا.

غەڕاوى راشیگەیاندووە، پارێزگاکانی میسان، بەسرە، زیقار و واست زۆرترین رێژەی ئاوارەبوونیان تێدا بووە و ئاماژەکانی گۆڕانی کەشوهەواش لەو پارێزگایانە زیاتر دەرکەوتوون، لە داهاتووشدا هاوڵاتیی زیاتر لەو ناوچانە ئاوارەدەبن.

سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق داوا دەکات، پەلەبکرێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەی بووژاندنەوەی ژینگە لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، کە بریتیە لە دروستکردنی دارستان و ناوچەی سروشتی لە بیابانەکان، پشتبەستن بە بارانی دەستکرد و دروستکردنی رووبارى خولاو لەپێناو پارێزگاریکردن لە ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و رێگەگرتن لە تێکدانی باخەکان و فرۆشتنی زەوییەکانیان و گۆڕینیان بۆ ناوچەی نیشتەجێبوون.

loading....