شەرپەنجەی دەم جۆرێکی شێرپەنجەیە، تووشی دەم و لێو دەبێت و وەک کێشەیەکی گەورە سەیردەکرێت، دەکرێت ئەو شێرپەنجەیە بە سەرجەم ناوچەکانی سەر و مل هەروەها بەشەکانی دیکەی جەستەدا بڵاوببێتەوە.
کێن ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی دەم دەبن؟
بەشێوەیەکی گشتی 11 کەس لە 100,000 کەس تووشی ئەو شێرپەنجەیە دەبن. پیاوان زیاتر لە خانمان مەترسیی تووشبوونیان بەم نەخۆشییە هەیە، هەروەها مەترسییەکە لەسەر کەسانی سپیپێست بەراورد بە کەسانی رەشپێست زیاترە.
چی دەبێتەهۆی شێرپەنجەی دەم؟
شێرپەنجەکە لە خانە پوولەکیەکانی ناو دەم دەستپێدەکات کە خانەی تەختن و کاتێک لە ژێر وردبیندا سەیردەکرێن وەک پوولەکەی ماسی دەردەکەون، هەر ئەو خانانە کاتێک گۆڕان بەسەر DNA خانەکەدا دێت، دەبنە شێرپەنجە و دەستدەکەن بە گەشەکردن و دووهێندەبوون لە ناو دەمدا، لە هەمانکاتدا بەتەواوی ناوچەکانی سەر و مل و بەشەکانی دیکەی جەستەدا بڵاودەبنەوە.
ئەو شتانەی دەبنەهۆی زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی دەم:
- بەکارهێنانی بەرهەمەکانی توتن، وەک جگەرە یان جووینی توتن
- زۆر خواردنەوەی کحول
- زۆر مانەوە لەبەر خۆر بەبێ بەکارهێنانی هیچ بەرهەمێکی خۆپارێزی لە تیشکی خۆر
- بوونی مێژووی خێزانی بۆ نەخۆشیی شێرپەنجەی دەم
نیشانەکانی شێرپەنجەی دەم چیین؟
- دروستبوونی پەڵەی سپی لەناو دەم
- دروستبوونی پەڵەی سوور
- برین لەناو دەم و لەسەر لێو کە بەئاسانی تووشی خوێنلێهاتن دەبن و ساڕێژنابن، ئەم برینانە بەگشتی ماوەی دوو هەفتە دەمێننەوە
- خاڵی رەق و دروستبوونی قەتماغە لەناو دەم
- خوێنبەربوون لەناو دەم بەبێ هیچ هۆکارێک
- قورسی لە جووین، قووتدان، قسەکردن و جووڵاندنی شەویلگە و زمان
- بۆنی ناخۆشی دەم بەبەردەوامی
- ئازاری گوێ
چارەسەرکردنی شیرپەنجەی دەم:
سێ رێگەچارەسەری سەرەکی هەن بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە کە نەشتەرگەری، چارەسەر بە تیشک و چارەسەی کیمیایین، کە پزیشکی پسپۆڕ بەپێی قۆناغ و ئاستی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەکە و تەمەنی کەسەکە چارەسەری گونجاو بۆ چارەخوازەکە دیاریدەکات.
چی بکرێت بۆ رێگریکردن لە شێرپەنجەی دەم؟
- بەکارنەهێنانی بەرهەمەکانی تووتن
- کەم خواردنەوەی کحول
- بەکارهێنانی دژەخۆر
- ماوەماوە سەردانیکردنی پزیشکی ددان