وەزارەتی بازرگانیی عێراق 30 ملیار دینار بۆ جوتیارانى کەرکوک تەرخان دەکات

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیایی بازرگانی و بازاڕکردنی دانەوێڵەی گشتی عێراق راگەیاند، بەرهەمهێنانی گەنمی ئەمساڵ لە ئاستێکی باشدایە و دەستیانکردووە بە کردنەوەی دەروازەکان بۆ وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی پارێزگای کەرکوک.
حەیدەر کەرعاوى، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانی و بازاڕکردنی دانەوێڵەی گشتیی عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى راگەیاندووە، وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی پارێزگای کەرکوک بە کارکردن بەشێوەی 24 کاتژمێریی دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش سێ لیژنە لە کەرکوک کار دەکەن، دووانیان لە شارۆچکەى حەویجەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینیدەکرێت بەرهەمهێنانی گەنم لەمساڵدا لە عێراق بگاتە حەوت ملیۆن تۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی وەک ساڵی پێشوو، چونکە کۆمپانیاکە هێشتا یەک ملیۆن و 700 هەزار تۆنی هەیە و ئەوەش بەشی ماوەی چوار مانگی هاوڵاتییان دەکات.
بەرهەمهێنانی گەنمی کەرکوک لە وەرزی ئێستای بە بازاڕکردندا دەگاتە 650 هەزار تۆن.