حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند دەستدەکەن بە وەرگرتنی ئەو داواکارییانەی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە پێشکەشدەکرێن بۆ خولی پێنجەمی مۆڵەتپێدان لە وەزارەتەکەیان.
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بڕە گازەی چاوەڕواندەکرێتبەرهەم بهێنرێت لە خولی پێنجەمی گرێبەستەکاندا، بە نزیکەی 800 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە دەبێت، ئەوەش بڕێکی زۆرە و کاریگەریی لەسەر زیادبوونی کارەبا دەبێت کە عێراق ئێستا پێویستییەکی زۆری پێیەتی".
لە بڵاوکراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، "وەزارەت کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە خولی پێنجەمی مۆڵەتپێداندا و دوای کۆتاییهاتنی ئەم گرێبەستانەش، راستەوخۆ دەستدەکەن بە شەشەمین خولی مۆڵەتپێدان کە خۆی لە 30 کێڵگەی نەوت و ناوچەی گەڕانی نوێدا دەبینێتەوە لە سنوورەکانی رۆژئاوای عێراق کە دەکەونە پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، نەجەف، کەربەلا و دیوانیە.