بەرنامەی خۆراکی جیهانی رایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە لە باکووری ئەفغانستان، لانیکەم 300 کەس گیانیانلەدەستداوە.
بەرنامەکە لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەی قوربانیانی لافاوەکانی ناوچە جیاجیاکانی ئەفغانستان و بەتایبەتی ویلایەتی بەگلان بەرزدەبێتەوە و ئێستا گەشتووەتە 311 کەس.
هاوکات پێشووتر، ئیدارەی کارەساتە سروشتییەکانی ئەفغانستان ئاماژەی بەوەکردبوو ئێستا باری لەناکاو بۆ ناوچە زیانمەندەکان راگەیەندراوە و تیمەکان لە هەوڵی رزگارکردنی قوربانییەکاندان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی بارانی بەخوڕ لە رۆژی هەینی 10ی ئایاری 2024ـەوە بووەتەهۆی لافاوی بەهێز و بەشێکی زۆری گوند و زەوییە کشتوکاڵییەکانی گرتووەتەوە و بەگوێرەی بەڕێوەبەری ئیدارەکانی ئۆپراسیۆنەکانی بەهاناوەچوونی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، زیاد لە هەزار و 500 ماڵ زەرەرمەندبوون.
هاوکات زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، سەدان هاوڵاتی لەم لافاوە وێرانکەرەدا گیانیانلەدەستداوە و هۆشداریشیداوە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان.
لافاوەکانی ئەمساڵ کە بەهۆی بارانبارینی بەردەوام لە وەرزی بەهاردا دێت، کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکەی ئەم وڵاتە هەبوو کە زۆر بەرکەوتەی گۆڕانی کەشوهەوایە بەتایبەتی ناوچەکانی غور لە رۆژئاوا و باداخشان لە باکووری رۆژهەڵات و جگەلە زیانی گیانی زۆر زیانی دارایی گەورەشی لێکەوتووەتەوە.