بۆ یەکەمجار لە هەڵەبجە ناوبینیی سییەکان کرا

کەناڵ8- سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت بۆ یەکەمجار لە سنووری هەڵەبجە ناوبینی (نازوور)ی سییەکان کرا و ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ ناودەبات بۆ شارێک کە بەهۆی کاریگەرییەکانی کیمیابارانەوە گرفتی سییەکان تێیدا لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان زیاترە.
د. ئازاد مستەفا قادر، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە کەناڵ8ی راگەیاند، یەکشەممە 12ی ئایار، بۆ یەکەمجار لە هەڵەبجە ناوبینیی سییەکان بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، لەلایەن د. رزگار غەریب پزیشکی پسپۆری نەشتەرگەریی سنگ و دڵ و بۆرییەکانی خوێنەوە کرا.
د. ئازاد دەڵێت "یەکێک لە ماکە درێژخایەنەکانی بەرکەوتن بە چەکی کیمیایی نەخۆشییەکانی سی و هەندێک جۆری شێرپەنجەیە لە دەنگەژێکان، بۆریی هەناسە و سییەکان. جێگەی داخە کە پێشتر ئامێری ناوبینی و پزیشکی پسپۆرمان نەبووە کە چارەخوازان بتوانن لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی پشکنینەکە بکەن، خۆشبەختانە ئێستا هەم ئامێرەکە و هەم پزیشکی پسپۆڕمان هەیە و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی فرەپسپۆڕیکردنی نەخۆشخانەکە".