پزیشکێکی پسپۆڕ باس لە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە دەکات

test
د. شاخەوان حەمەئەمین - پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە، پرۆستات و چاندنی گورچیلە

دکتۆر شاخەوان حەمەئەمین سەعید، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە، پڕۆستات و چاندنی گورچیلە لە میانی بوڵتنی تەندروستیدا بە وردی باسی چارەسەری چاندنی گورچیلەی کرد.

رۆڵی گورچیلە لە جەستەدا چییە ؟

پسپۆڕەکە سەرەتا بە وردی باسی لە ئەرکەکانی گورچیلە کرد لە جەستەدا و گوتی "لە جەستەدا دوو گورچیلە هەیە، یەکێکی لای راستە و ئەوی دیکە لای چەپ، گورچیلەکان ئەندامی گرنگن لە جەستەدا بە جۆرێک، 25%ی ئەو خوێنەی لە هەر گرژبوونێکی دڵدا دەردەچێت، دەچێت بۆ گورچیلەکان و گورچیلەکانیش خوێنەکە دەپاڵێون، واتا بە نزیکەیی رۆژانە گورچیلەکان 1500 لیتر خوێن لەو ماددانەی زیانبەخشن دەپاڵێون. هەروەها گورچیلەکان رۆڵی سەرەکییان هەیە لە پاراستنی هاوسەنگیی ترشی و تفتی خوێن و توواوەکانی ناو خوێن وەکو سۆدیۆم و پۆتاسیۆم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا گورچیلەکان بەشدارن لە دروستکردنی خوێندا، لە کردنەدەرەوەی ماددە زیانبەخشەکانی وەکو یوریا و کریاتینین و دروستکردنی میز، کە ئەمەش رێگرە لە دروستبوونی هەوکردنی کۆئەندامی میز. هەربۆیە کاتێک گورچیلەکان لەکاردەکەون، زۆرینەی ئەندامەکانی دیکەی جەستە زیانیان پێدەگات".

کام نەخۆشییانە هۆکارن بۆ ئەوەی کەسێک پێویستی بە چاندنی گورچیلە هەبێت؟

" چاندنی گورچیلە بۆ ئەو کەسانە پێویستە کە سستیی درێژخایەنی هەردوو گورچیلەکەیان هەیە، هەندێک نەخۆشی هۆکارن بۆ ئەوەی دۆخی گورچیلەکان بگەن بەوەی تووشی سستبوونی درێژخایەن ببن، وەکو نەخۆشیی شەکرە و بەرزەفشاری خوێنی کۆنترۆڵنەکراو. جگەلەمەش، ئەوانەی هەوکردنی خانەکانی گورچیلەیان هەیە، یان کیسی گورچیلەیان هەیە لەوانەیە پێویستبکات چاندنی گورچیلەیان بۆ بکرێت.

نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە بۆ کێ ناکرێت؟

د. شاخەوان، باسی لەوە کرد کە ئەوانەی شێرپەنجەیەکی چالاکیان هەیە، ناکرێت نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەیان بۆ بکرێت؛ مەگەر ئەوەی شێرپەنجەکە لە خودی گورچیلەکاندا بێت.

ئەوانەی ناتوانن نەشتەرگەرییەکە بکەن جێگرەوەیان چییە؟

بەگوێرەی گوتەکانی پزیشکە کوردەکە، تاکە جێگرەوە بۆ نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە، شوشتنەوەی گورچیلەیە؛ بەڵام چارەخوازەکە دەبێت بەبەردەوامی و بۆ تەواوی ژیانی چارەسەری شوشتنی گورچیلەکان وەربگرێت.

دەتوانرێت گورچیلە لە کێوە وەربگیرێت؟

"سێ جۆر بەخشەر هەن؛ جۆری یەکەمیان ئەوەیە کە بەخشەرێکی زیندووە و تەندروستییەکی باشی هەیە؛ خۆبەخشانە بڕیاردەدات کە گورچیلەی خۆی ببەخشێت. ئەمەیان لەڕووی سەلامەتیی گورچیلەکانەوە، لە هەموو جۆرەکانی دیکەی بەخشین تەندروستترە.

جۆری دووەمی بەخشەر، ئەو بەخشەرانەن کە تووشی نەخۆشییەکی سەخت بوون، یان تووشی مردنی مێشک یان دڵ بوون، بەڵام گورچیلەکانیان تەندروستە.

جۆری سێیەمیشیان ئەو کەسانەن کە گیانیانلەدەستداوە و دەکرێت ماوەیەکی کەم دوای گیانلەدەستدانیان گورچیلەکانیان دەربهێنرێت و ببەخشرێت بە کەسێک کە پێویستی پێیەتی"

ئەگەری سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکە چەندە؟

مێژووی نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە کۆنە؛ بەڵام لە ساڵی 1954دا یەکەمین نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە بۆ مرۆڤ بەسەرکەوتوویی کراوە. لەو کاتەوە بەردەوام نەشتەرگەرییەکە لە بەرەوپێشچووندا بووە.

"ئێستا ئەوانەی نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەیان بۆ دەکرێت، دوای ساڵێک ئەگەری تەندروستمانەوەی گورچیلەکانیان %97، دوای پێنج ساڵ %83 و دوای پانزە ساڵیش نزیکەی %60ە.

ئەگەر بە تێکرا وەریبگرین، ئەوانەی چاندنی گورچیلەیان بۆ دەکرێت، دەتوانن نزیکەی 15 ساڵ بە تەندروستی بژین"

ئەگەر گورچیلەکە شکستی هێنا، دەتوانرێت نەشتەرگەرییەکە دووبارەبکرێتەوە؟

د. شاخەوان حەمەئەمین سەعید گوتی "خۆشبەختانە ئێستا لە جیهان و لە هەرێمی کوردستانیش، دەتوانرێت لە هەر حاڵەتێکدا نەشتەرگەرییەکە دووبارە و سێبارە بکرێتەوە؛ بەڵام لە هەر جارێکدا کە دووبارەدەکرێتەوە، ئەگەری سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکە کەمدەکات و ماکەکانی زیاددەکەن"