ئەو وەزارەت و شوێنانەی رۆژی چوارشەممە مووچە وەردەگرن

رۆژی چوارشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەکرێت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “مووچەی ئەو چین و توێژانە دابەشدەکرێت کە لە بەغدادەوە تەمویلەکانیان گەیشتووە.”
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 14ـی ئایاری 2024، نزیکەی 168 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، بە سێ گوژمە خرایەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەوەش وەکو شایستەی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش ئاشكراكراوە، رۆژی چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024، دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەکرێت و مووچەی ئەو چین و توێژانە دابەش دەکرێت کە لە بەغدادەوە تەمویلەکانیان گەیشتووە.
رۆژی سێشەممە، وەزارەتى دارایى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد "لەسەر رێنمایی سەرۆكوەزیران و بە رەزامەندی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، هەروەها بە پشتبەستن بە نووسراوی دادگای فیدراڵی، بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی، پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی نارد".
روونیشكراوەتەوە، ئەوەش لەچوارچێوەی دابینكردنی پارە بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2024.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان بە كەناڵ8ـی راگەیاند، مووچەى وەزارەتى پێشمەرگە و دامەزراوە سەربازییەکان نەنێردراوە، بەڵام بڕیارە رۆژی چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024، لەلایەن بەغدادەوە رەوانە بکرێت.