رۆژی جیهانیی نەخۆشیی گەنم؛ نیشانە و چارەسەرەکانی ئەم نەخۆشییە چین؟

ئەو کەسانەی نەخۆشیی گەنمیان هەیە دەبێت لەو خۆراکانە بەدووربن کە گلوتنیان تێدایە. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

دکتۆر سۆران سابیر عوسمان - پزیشکی پسپۆڕی گەشە و نەخۆشییەکانی منداڵان

نەخۆشییەکی بۆماوەیی دژەخۆبەرگرییە کە تووشی منداڵان و گەورانیش دەبێت، کەسی تووشبوو بەخواردنی گلوتین ( پرۆتینێکە لە گەنم و جۆ و بەرهەمەکانیاندا هەیە) ناوپۆشی ریخۆڵەکانی تووشی تێکچون و تێکشکان دەبن، ئەمەش بەهۆی دروستبوونی کارلێکی دژەتەنەکانی دژەخۆبەرگری کە دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی نیشانەکانی نەخۆشییەکە

هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکە تاوەکو ئێستا نەزانراوە، بەڵام سێکوچکەی (بۆماوە، سیستمی بەرگریی کەسەکە و هۆکارە ژینگەییەکان) کاریگەریی بەرچاویان لە وروژاندن و دروستبوونی حاڵەتەکە هەیە

گرنگترین نیشانەکانی نەخۆشیەکە لە منداڵاندا:

  • سکچوون یان هەندێک جار قەبزی
  • باکردن و ئاوسانی سک
  • سکئێشە
  • دواکەوتنی گەشە و زیادنەبوونی کێش
  • گریان و نوزەنووز
  • بێهێزی، لەشداهێزران و سەرئێشە
  • کەمخوێنی (کەمخوێنییەک کە چارەسەریش وەردەگرێت سوودی نیە)
  • هەندێک نیشانەی دیکەش لەوانەیە لە دەرەوەی کۆئەندامی هەرس هەبن، وەکو ئێسکەنەرمە و هەندێک گرفتی دیکە
دکتۆر سۆران سابیر عوسمان - پزیشکی پسپۆڕی گەشە و نەخۆشییەکانی منداڵان

دەستنیشانکردنی نەخۆشیی گەنم ئاسان نییە، بەڵام بوونی نیشانەکان بۆ  یارمەتیدان لە ناسینەوە و دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە گرنگن.

پزیشک کاتێک گومانی لە کەسێک هەبوو کە ئەو نەخۆشییەی هەبێت، پشکنینی خوێنی بۆ دەنێرێت، ئەگەر پشکنینەکە پۆزەتیڤ بێت، کەسی چارەخواز دەنێرێت بۆ ئەنجامدانی ناوبینیی ریخۆڵە و وەرگرتنی پارچەیەک لە ناوپۆشی ریخۆڵە بۆ پشکنین؛ بەو هۆیەوە بەتەواوی دەستنیشان دەکرێت

نەخۆشیی گەنم بنەبڕ ناکرێت و چارەسەری یەکجاری نییە، بەڵام بە نەخواردنی گەنم و جۆ و بەرهەمەکانیان، منداڵ یان کەسەکە ژیانێکی ئاسایی و تەندروست دەژیت و نیشانەکانی نامێنێت، بە واتایەکی دیکە چارەسەری نەخۆشیی گەنم بریتییەلە خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لەو خواردنانەی کە (گلوتین)ـیان تێدایە.

هەستیاری بە گەنم جیاوازە لە نەخۆشیی گەنم (سیلیاک) کە زۆر جار تێکەڵدەکرێن، ئەو کەسانەی هەستیارییان بە گەنم هەیە، هیچ جۆرە هەوکردنێک لە ریخۆڵەیاندا روونادات و تەنیا ئەو خۆراکانەیان پێناکەوێت کە گلوتینیان تێدایە