پسپۆڕێکی گەشە: تاوەکو دوو ساڵی خۆراکی ئاسایی بە منداڵ نەدرێت

بابەتی گەشە، جا گەشەی باڵا بێت یان گەشەی مێشک، بەردەوام جێگەی نیگەرانیی دایکوباوکانە. یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دایکوباوکان بەهۆیەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو سەردانی کلینیکی پزیشکانی منداڵان دەکەن.
د. گۆران محەمەد، پزیشکی گەشە و نەخۆشییەکانی منداڵان لە بوڵتنی تەندروستیی کەناڵ8دا باسی لە گەشەی منداڵان کرد و گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە وادەکەن گەشەی منداڵان دوابکەوێت، خستەڕوو.
گەشە دابەشدەکرێت بەسەر دوو بەشدا، گەشەی مێشک و گەشەی جەستەیی. گەشەی جەستەییش دابەشدەکرێت بەسەر گەشەی باڵا، کێش و چێوەی سەر. ئێمە لەم بابەتەدا زیاتر سەرنجدەخەینەسەر گەشەی باڵای منداڵان.
کام تەمەن گرنگترینە بۆ گەشەی باڵا؟
هەر ساڵێک لە ماوەی تەمەنی منداڵەکەدا گرنگیی خۆی هەیە و جۆرێک گەشە تێیدا روودەدات. دایکوباوکان دەبێت بەردەوام وەکو چۆن چاودێریی تەندروستیی جەستەیی منداڵەکانیان دەکەن، گرنگیشە لە چەند کاتێکی دیاریکراودا منداڵەکانیان ببەنە لای پزیشکی پسپۆڕ بۆ چاودێریکردنی گەشە.
ئەگەر پەیوەست بە گەشەی باڵاوە سەرنجبخەینەسەر یەک کاتی دیاریکراو، دەتوانم بڵێن تەمەنی یەک ساڵی لە هەموو ساڵەکانی دیکەی تەمەن گرنگترە، بۆنموونە تەنیا لە یەک ساڵیدا 25سم لە باڵا زیاددەکات؛ هەر بۆیە گرنگە لە هەفتەی یەکەمی تەمەنی منداڵ، مانگی یەکەم، دووەم، سێیەم، شەشەم و هەروەها 12 مانگیش، منداڵەکە ببرێت بۆ لای پزیشکی پسپۆڕ تاوەکو چاودێریی گەشەی بکات.
د. گۆران باسی لەوە کرد کە نابێت دایکوباوکان بەراوردی گەشەی منداڵەکانیان بە منداڵانی دیکە بکەن، چونکە ئەمە بە هەڵەیاندا دەبات، بەڵکو دەبێت پزیشکی پسپۆڕ دەستنیشانیبکات کە ئایا منداڵەکە گەشەی دواکەوتووە یان نا.
کام هۆکارانە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر گەشە هەیە؟
پزیشکە کوردەکە بە کەناڵ8ی گوت "سێ فاکتەری سەرەکی هەن کە کاردەکەنە سەر گەشەی منداڵان، بەتایبەت گەشەی باڵا: خۆراک، جووڵە و خەوتن.
پەیوەست بە خۆراکەوە "شیری دایک لە منداڵانی تازەلەدایکبوودا زۆر گرنگە، چونکە وادەکات رێژەی هەوکردن لە جەستەدا کەمببێتەوە؛ خۆ ئەگەر دایکوباوکان شیری قوتوو بەکاردەهێنن، دەبێت ئاگاداری پێکهاتەی شیرەکە بن، بەتایبەت کە ئێستا لە کوردستان چەندین جۆری شیر هەن کە دەکرێت بەشێکیان کوالێتییان خراپبێت"
سەبارەت بەوەی هەندێجار دایکوباوکان لە تەمەنێکی زووەوە دەستدەکەن بە پێدانی خواردن بە منداڵانی تازەلەدایکبوو و ساوا، د. گۆران محەمەد باسی لەوە کرد کە دەکرێت ئەم کارە چەندین زیان بە تەندروستیی گشتی منداڵەکە و گەشەی بگەیەنێت "ئەو منداڵانەی شیری دایک دەخۆن لە شەش مانگی و ئەوانەی شیری قوتوو دەخۆن لە 4-6 مانگی بخرێنە سەر خۆراکی دیکە. ئەگەر بێتوو لە تەمەنێکی زووتردا خۆراک بدرێت بە منداڵ، دەکرێت قەڵەو ببێت، ئەمەش دەبێتەهۆی دواکەوتنی گەشەی منداڵەکە و گرفتی دیکەی تەندروستی.
پزیشکە پسپۆڕەکە هۆشداریدا بە دایکوباوکان کە تاوەکو دوو ساڵی نابێت خۆراکی ئاسایی سەر خوانی خۆیان بدەن بە منداڵان، چونکە خۆراکی منداڵ دەبێت کەمخوێ، کەمچەوری و تەندروست بێت"
خەوتنیش یەکێکە لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە کاردەکاتە سەر گەشەی باڵای منداڵان. د. گۆران محەمەد جەختی لەوە کردەوە و گوتی "هۆرمۆنی گەشە لە کاتژمێر 9-10ی شەو دەردەدرێت، بۆیە نابێت بە هیچ جۆرێک منداڵان لە دوای 10ی شەوەوە بەئاگابن، ئەگەرنا هاوسەنگیی هۆرمۆنی گەشەیان تێکدەچێت و گەشەیان دوادەکەوێت"
جووڵە و چالاکیی منداڵ کاریگەرییان لەسەر گەشە هەیە؟
جووڵە و چالاکیی منداڵان، کە ئێستا بەهۆی زۆر بەکارهێنانی شاشەکانی وەکو مۆبایل و ئایپادەوە کەمبووەتەوە، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە گرنگەکانی باش گەشەکردنی منداڵان "ئەو منداڵان زیاتر دەجووڵێن، زیاتر هۆرمۆنی گەشە لە جەستەیاندا دەردەدرێت، بۆیە گەشەیان باشترە. جگەلەمەش، وەرزش و جووڵە رێگریدەکەن لە قەڵەوبوونی منداڵان، کە ئەویش هۆکارە بۆ دواکەوتنی گەشە"
سەبارەت بەو وەرزشانەی دەبێت منداڵان بیکەن، د. گۆران محەمەد بە کەناڵ8ی گوت "بەشێکی زۆر لە منداڵانی ئێرە یاریی تۆپی پێ دەکەن، ئەمەش سوودی زۆرە. بەڵام ئەگەر دایکوباوکان بیانەوێت منداڵەکەیان یارییەک بکات کە کاریگەریی ئەرێنی هەبێت لەسەر گەشەی باڵا، دەبێت هانیبدەن وەرزشی مەلەوانی، جیمناستیک، پەتپەتێن و خۆکشاندن بکات"