وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ کەناڵ8: ئەمساڵ 39 حاڵەتی تای خوێنبەربوونمان تۆمارکردووە

کەناڵ8- سلێمانی
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دوا ئامارەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون رووندەکاتەوە.
د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت" لە سەرەتای ئەمساڵەوە 39 حاڵەتی سەلمێنراوی تووشبوون و پێنج حاڵەتی مردن بە تای خوێنبەربون لە سەرتاسەری عێراق تۆمارکراون".
لە راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستیی عێراقیشدا ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە حاڵەتە تۆمارکراوەکان بەمجۆرە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبوون "زیقار 12 تووشبوون و دوو گیانلەدەستدان، نەینەوا شەش تووشبوون و گیانلەدەستدانێک، واست پێنج تووشبوون، بەغدا شەش تووشبوون و گیانلەدەستدانێک، بابل چوار تووشبوون و گیانلەدەستدانێک، کەرکوک تووشبوونێک، نەجەف و موسەنناش هەریەکەیان توشبوونێک".
بەپێی راگەیەنراوەکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەسرە، کەربەلا، دیالە و دیوانییە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون و گیانلەدەستدان تۆمارنەکراون.
د. سەیف بەدر لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵ8 جگە لە جەختکردنەوە لە ژمارەی حاڵەتەکان، گوتیشی "هەموو پێداویستییەکی دەستنیشانکردن و قاوشی جیاکردنەوەی حاڵەتە گومانلێکراوەکان فەراهەمکراون".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق باس لە گرنگیی زوو ناسینەوەی نیشانەکان دەکات، چونکە ئەگەر حاڵەتەکان زوو دەستنیشانبکرێن، چارەسەریان ئاسانتر دەبێت "لە سەرەتادا پلەی گەرمیی جەستە زۆر بەرزدەبێتەوە و ئازار لە ماسولکەکان و ناوچە جیاجیاکانی جەستەدا دروستدەبێت، هەر لەم قۆناغەدا کەسەکە سەردانی نەخۆشخانە بکات چارەسەری ئاسانتر دەبێت، بەرلەوەی بگاتە خوێنبەربوونی بەربڵاو لە جەستەدا".
د. سەیف بەدر لە راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا گوتوویەتی "گرنگترین هۆکارەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بریتیە لە سەربڕینی هەڕەمەکیی ئاژەڵان، چونکە ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵداین بۆ کۆنترۆڵکردنی گواستنەوەی نەخۆشییەکە".