وادەی بڵاوکردنەوەی یاریی GTA 6 ئاشکراکرا

دوای 10 ساڵ لە بڵاوکردنەوەی وەشانی پێشووی، یاریی گرانت ثێفت ئۆتۆ 6، پایزی ساڵی داهاتوو ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنەرانی.

یەکێک لەو یارییە ئەلیکترۆنییانەی خەڵکێکی زۆر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانیدەکات، یاریی Grand Theft Auto VI گرانت ثێفت ئۆتۆ 6 ناسراوە بە ( جی تی ئەی 6)  6GTA، کە بڕیارە پایزی ساڵی داهاتوو بڵاودەکرێتەوە.

کۆمپانیای تەیک تو ئینتراکتڤی، خاوەنی کۆمپانیای رۆکستاری دروستکەری یاریی (جی تی ئەی)یە، لەکاتی ئاشکراکردنی داهاتی چارەکی چوارەمی کۆمپانیاکەیان، رایگەیاند، یاریی گرانت ثیفت ئۆتۆ 6، لە پایزی ساڵی 2025 بڵاودەکرێتەوە.

خەڵکێکی زۆر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی یارییەکە دەکەن، بە جۆرێک لە دوای بڵاوبوونەوەی ترەیلەری یاریی جی تی ئەی 6، لە مانگی کانوونی دووەم، زیاتر لە 190 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە.

هەرچەندە زیاتر لە 10 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر بڵاوکردنەوەی یاری جی تی ئەی 5ی رۆکستار، بەڵام یارییەکە تاوەکو ئێستا وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتە بۆ کۆمپانیای تەکی تو ئینتراکتڤ.

کۆمپانیاکە بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا 200 ملیۆن دانەی لە سەرانسەری جیهاندا لێ فرۆشتووە و بەکارهێنەرانی بەڕێژەی 35% زیادیکردووە. ئەمە بەو مانایە دێت تاوەکو ئێستا، یارییەکە نازناوی دووەم پڕ فرۆشترین یاریی ئەلکترۆنییە، لە دوای یاریی ماینکرافتەوە.