کەناڵ8 پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2024ـى عێراق ئاشکرادەکات

کەناڵ8 خشتەى بودجەى ساڵى 2024ـى عێراقى دەستکەوتووە و بەگوێرەى خشتەکە پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 14 تریلیۆن دینارە.
لەخشتەى بودجەى ساڵى 2024ـى عێراقدا لە چەند بڕگەیەکدا ئاماژە بە پشکى هەرێمى کوردستان کراوە و بەشێکى بودجەکە بۆ قەرەبووکردنەوەى فەرمانبەران و دامەزراندنى یەکەمى زانکۆ و پەیمانگاکان و بەهەمیشەییکردنى گرێبەستەکان و پرۆژەى وەبەرهێنان و ئەو قەرزانە کراوە کە لەئەستۆى حکومەتى هەرێمى کوردستاندایە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8 بۆ خشتەکە و پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەکەدا پشکی دیاریکراوی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ـ2024ـی عێراق بەمجۆرەیە:
بڕگەی قەرەبووی فەرمانبەران کە بڕەکەی نۆ تریلیۆن و پێنج سەد و پەنجاو شەش ملیار دینارە ( 9,556,348,005 دینار ) تایبەت کراوە بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و گەڕانەوەی لەسەر کارلادراوی سیاسی و دامەزراندنی یەکەمەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان، پاشان بڕگەی پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان دێت ئەویش بڕی دوو تریلیۆن و سەد و بیست ملیار دینار ( 2,126,891,643 دینار) بۆ خەرجی پێداویستییەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دامودەزگا حکومییەکان دەگرێتەوە کە لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی سەد و پەنجا ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکردووە (150,000,000 دینار)، دواتر بۆ پێداویستییە شمەکیەکان بڕی پێنج سەد و سی و نۆ ملیار دیناری تەرخانکردووە ( 539,205,900 دینار) و پارەی تەرخانکراو بۆ چاککردنەوەی ئامێر و بەردەستەکان دووسەد و پەنجا و پێنج ملیار دینار ( 255,914,500دینار) و بەخشین و هاوکاری و سوود و خەرجییەکانی دیکەش سێ سەد و چل و یەک ملیار دینار ( 341,690,400 دینار) دیاریکراوە، پابەندبوون و هاوکارییە دەرەکییەکان هیچ بڕە پارەیەکی بۆ دیارینەکراوە .
دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دوو تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە ( 2,02,173,330 دینار ) بەو جۆرەش کۆی خەرجییەکانی بەکاربردن گەیشتووەتە چواردە تریلیۆن و هەشتسەد و چل ملیار و دووسەد و بیستوسێ ملیۆن دینار ( 14,840,223,778دینار).
بڕگەی پەیوەستیش بە قەرزداری هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەى بودجەی 2024دا یەک تریلیۆن و سەد و شانزە ملیار دینار دیاریکراوە (قەرزداری: 1,116,000,000 دینار) کە ئەوەش خۆی دەبینێتەوە لەو قەرزانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکی بازرگانی عێراقی وەریگرتبوو لەگەڵ ئەو گوژمە پارانەی بە قەرز لە بەغداداوە بۆ مووچە لەساڵی 2023 نێردابوون، بە جۆرێک لە2023دا عێراق دوو تریلیۆن و 598 ملیار دیناری قەرزى داوەتە هەرێمی کوردستان .
بڕگەی سەرمایەداری- بەردەوام حەفتاو نۆ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە ( 79,104,484 دینار).
بۆ بڕگەی سەرمایەداری-کۆی گشتی وەبەرهێنان چوار تریلیۆن و هەشت سەد و حەفتا و پێنج ملیار دینار دابینکراوە (4,875,135,688 دینار).
بەو جۆرەش کۆی گشتی سەرمایەگوزاری چوار تریلیۆن و نۆسەد و پەنجا و چوار ملیار دینار (4,954,240,172 دینار) و کۆی گشتی خەرجییەکانیش بە بیست تریلیۆن و نۆسەد و دە ملیار دینار 20,910,463,950 دینار.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق حەوت خشتەی تایبەت بە یاسای بودجەی ساڵی 2024ـی پەسەندکرد، بەگوێرەى خشتەکان، بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ بڕەکەى 210 تریلیۆن و 936 ملیار دینارە، بەراورد بەساڵى رابردوو 12 تریلیۆن دینار زیادیکردووە.