25 رێکخراوی مەدەنی داوای مانەوەی یۆنامی لە عێراق دەکەن

25 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بواری هەڵبژاردن و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و عێراق، یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە و داوای مانەوەی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن لە عێراق.
ئەو رێکخراوانە لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى عێراقیان کردووە، داوا دەکەن حکومەتی عێراق دانبەخۆیدا بگرێت لە داوای کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان (یۆنامی) لە عێراق.
ئەو رێکخراوانە خوازیارن یۆنامی بەردەوام بێت لە تەواوکردنی ئەرکەکانی لە عێراق، تاوەکو ئەو کاتەی رێگەچارەی جێگرەوەی تەواو بۆ ئەرکەکانی دەدۆزرێتەوە، لەرێگەی پشتبەستن بە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان و دەزگا نیشتمانییەکان پێکەوە.
رێکخراوەکان جەختیانکردووەتەوە، بەردەوامبوونی یۆنامی لە بواری هاوکاریی هەڵبژاردنەکان و پێشکەشکردنی شارەزایی تەکنیکی و راوێژکاریی لە بوارەکانی سکاڵا و تانەدان، چاودێریکردنی دۆسیەی مافەکانی مرۆڤ و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان گرنگە و بایەخی خۆی هەیە.
لەکۆتایی یاداشتەکەدا ئەو رێکخراوانە باس لەوەشکراوە، بوونی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و بەتایبەت لەبواری هاوکاریی هەڵبژاردندا، متمانەی گەورە لای چین و توێژە جیاجیاکانی عێراق دروستدەکات، بەرامبەر بە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی لە عێراقدا.
رۆژی 10ى ئایاری 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە فەرمی داوای کۆتاییهێنان بە کارەکانی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق هێنا.
یۆنامی نوێنەرایەتییەکی سیاسیی دیپلۆماسیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە لە عێراق، نوێنەرایەتییەکە لە ساڵی 2003 بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (1500)ی ئەنجوومەنی ئاسایش و لەسەر داوای حکومەتی عێراق دامەزراوە.