بەڕێوەبەرى نووسینگەى ئیبراهیم رەئیسى وردەکاریى کەوتنەخوارەوەى هێلیکۆپتەرەکە ئاشکرادەکات

غولام حسێن ئیسماعیلى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆککۆمارى ئێران وردەکاریى کەوتنەخوارەوەى ئەو هێلیکۆپتەرە ئاشکرا دەکات کە سەرۆککۆمار و چەند بەرپرسێکى دیکەى ئێرانى تێدا بوو.
ئیسماعیلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمى ئێران ئاماژە بەوە دەکات، "دوای کردنەوەى بەنداوى قيز قەلعەسى کە بەهاوبەشی لەگەڵ وڵاتى ئازەربایجان دروستکراوە، لە کەشوهەوایەکی رووندا بەرەو شاری تەبرێز بەرێکەوتین، بەڵام لە ناوەڕاستی رێگاکەدا کەشوهەوا تێکچوو، لە ئاسماندا رووبەڕووى هەورێکی چڕ بووینەوە".
دەشڵێت، "فەرماندەی ئەو هێلیکۆپتەرەی سەرۆککۆمارى هەڵگرتبوو فەرمانیدا، ئاستى فڕینى فڕۆکەکە زیاتر بەرز بکرێتەوە".
غولام حوسێن ئیسماعیلی لەسەر گێڕانەوەی رووداوەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "دواى بەرزکردنەوەى ئاستى فڕینەکە، ئیتر ئێمە پەیوەندیی تەلەفۆنیمان لەگەڵ رادیۆی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە، ئیمام جومعەی تەبریز و پارێزگاری تەبریز نەما و هیچ وەڵامێکمان لێوەرنەگرتن".
بەڕێوەبەرى نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنەکەیدا، زانیاریى زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێت، "پاش ماوەیەک ئەندامانی تیمى فڕۆکەکەى ئێمە رایانگەیاند، کە پەیوەندییان بە مۆبایلی کاپتن مستەفاوی فڕۆکەوانى فڕۆکەکەى سەرۆککۆمار کردووە، بەڵام لەجیاتی کاپتن مستەفاوی ئایەتوڵا هاشمى وەڵامیدایەوە گوتویەتى، من باش نیم و کەوتینە ناو دۆڵێکەوە".
ئیسماعیلی دەشڵێت، "پاشان تەلەفۆنم بۆ سەید هاشمى کرد و لێم پرسی لەکوێیت؟ وەڵامیدایەوە و گوتى، نازانم لە کوێم بەڵام ئەوەندە دەزانم لەنێو درەختەکاندام، پاشان لێم پرسی ئەوانی دیكە چۆنن دەیانبینیت؟ بەڕێز هاشمی گوتی من هیچ کەسێک نابینم و بە تەنیام، نازانم چی روویداوە و کەس لە دەوروبەرم نییە".
بەڕێوەبەرى نووسینگەی سەرۆککۆمار روونیکردەوە، "لەوکاتەدا یەکسەر بۆمان روونبووەوە کە هێلیکۆپتەرەکەی بەڕێز رەئیسی تووشى رووداو بووە و بڕیارى بەهاناوەچوونى سەرۆکكۆمار و یاوەرانیماندا و دەستمان بە ئۆپراسیۆنی رزگارکردن و فریاکەوتن کرد.
لەکۆتایی قسەکانیدا غولام حوسێن ئیسماعیلی دەڵێت، "دواتر بۆمان دەرکەوت سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە لەگەڵ کەوتنەخوارەوەیدا گیانیانلەدەستداوە و شەهیدبوون".